Qurani Kərimin mənaca tərcüməsi - Kürd dilinə tərcümə - Salah Əd-Din * - Tərcumənin mündəricatı


Mənaların tərcüməsi Surə: əl-Hicr   Ayə:

سورەتی الحجر

الٓرۚ تِلۡكَ ءَايَٰتُ ٱلۡكِتَٰبِ وَقُرۡءَانٖ مُّبِينٖ
سوورەتی(حيجر) (حیجر: شوێنێك بووە لە نێوان تەبوك و مەدینە قەومی ثەمود لەوێ نیشتەجێ بوونە) ‏پێناسەیەكى ئەم سورەتە: ١- سورەتى (حیجر) سورەتێكى مەككییە جگە لە ئایەتى ژمارە (٨٧) نەبێت كە مەدەنییە. ٢- ژمارەى ئایەتەكانى سورەتى (حیجر) (٩٩) ئایەتە. ٣- سورەتى (حیجر) زنجیرەى ژمارە پانزەیە لە ریزبەندى لەناو سورەتەكانى قورئانى پیرۆزدا. ٤- سورەتى (حیجر) لە دواى سورەتى (یوسف صلى الله علیه وسلم ) دابەزیوە. ٥- سورەتى (حیجر) لەو سورەتانەیە كەوا بە پیتە پچڕپچڕەكان دەست پێ دەكات. تەوەرەكانى ئەم سورەتە: تەوەرى ئەم سورەتە زیاتر لە دەورى ئەوە دەسوڕێتەوە كە باسی كێشەو ململانێی ئەو كەسە سەركەش و یاخییانە دەكات لە بەرامبەر پێغەمبەران و نێردراوانى خواى گەورەدا دەوەستانەوەو بە درۆیان دەزانین بە درێژایی مێژو و سەردەمە جیاوازەكان، هەر لەبەر ئەوە سەرەتاى سورەتەكە بە وریاكردنەوەو هەرەشەكردن لەو كەسانە دەست پێ دەكات. بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ الر ] سەبارەت بەو پیتانەی كە لە سەرەتای هەندێك لە سوورەتەكانی قورئانی پیرۆزەوە هاتوون لە سوورەتی (بەقەرە)دا باسمان كرد [ تِلْكَ آيَاتُ الْكِتَابِ وَقُرْآنٍ مُبِينٍ (١) ] ئاماژەیە بۆ ئایەتەكانی ئەم سوورەتە، وە ئەم قورئانە پیرۆزە هەموو شتێكی بە ئاشكرا تیادا ڕوون كراوەتەوەو قورئانێكی ئاشكرایە .
Ərəbcə təfsirlər:
رُّبَمَا يَوَدُّ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لَوۡ كَانُواْ مُسۡلِمِينَ
[ رُبَمَا يَوَدُّ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوْ كَانُوا مُسْلِمِينَ (٢) ] لەوانەیە كافران ئاواتەخواز بن كە موسڵمان بن دوای ئەوەی كە بەتاڵی دینەكەی خۆیانیان بۆ دەرئەكەوێ، یاخود لەسەرەمەرگدا ئەوانیش ئاواتەخوازن موسڵمان بوونایە، یاخود بۆ ڕۆژی قیامەتە كاتێك كە لەناو دۆزەخدا كافران بە موسڵمانە تاوانبارەكان دەڵێن ئیسلام سودى پێ نەگەیاندن ئەوەتا ئێوەیش لەگەڵ ئێمەدا لە ناو ئاگردان، ئەوانیش دەڵێن ئێمە بەهۆى تاوانەكانمانەوە لە دۆزەخین، خواى گەورە ئەم قسانە دەبیستێت و دەفەرمێت ئەوەى موسڵمانە لە دۆزەخ دەری بكەن، كافران كە ئەبینن موسڵمانان ئەچنە بەهەشتەوەو ئەوان سزا دەدرێن ئەو كاتە خەفەت دەخۆن و پەشیمان دەبن و ئاواتەخوازن ئەوانیش موسڵمان بوونایەو لەگەڵ موسڵمانان لە ئاگرى دۆزەخ دەربكرانایا .
Ərəbcə təfsirlər:
ذَرۡهُمۡ يَأۡكُلُواْ وَيَتَمَتَّعُواْ وَيُلۡهِهِمُ ٱلۡأَمَلُۖ فَسَوۡفَ يَعۡلَمُونَ
[ ذَرْهُمْ يَأْكُلُوا وَيَتَمَتَّعُوا ] ئەی محمد صلى الله علیه وسلم وازیان لێ بێنە با بخۆن و ڕابوێرن وەكو ئاژەڵ چۆن ئەخوات و ڕائەبوێرێ [ وَيُلْهِهِمُ الْأَمَلُ ] وە با هیواو ئومێدیان سەرقاڵیان بكات لە تەوبەكردن و تەوبە نەكەن [ فَسَوْفَ يَعْلَمُونَ (٣) ] ئەوە لە داهاتوودا سەرەنجامی كارەكەیان ئەزانن، كە ئەمە هەڕەشەكردنێكى سەختە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَمَآ أَهۡلَكۡنَا مِن قَرۡيَةٍ إِلَّا وَلَهَا كِتَابٞ مَّعۡلُومٞ
[ وَمَا أَهْلَكْنَا مِنْ قَرْيَةٍ إِلَّا وَلَهَا كِتَابٌ مَعْلُومٌ (٤) ] وە ئێمە هیچ دێ یان شارێكمان لەناو نەبردووە ئیللا كاتی دیاریكراوی خۆیان هەیە لای خوای گەورە كە پێش و دوا ناكەوێ .
Ərəbcə təfsirlər:
مَّا تَسۡبِقُ مِنۡ أُمَّةٍ أَجَلَهَا وَمَا يَسۡتَـٔۡخِرُونَ
[ مَا تَسْبِقُ مِنْ أُمَّةٍ أَجَلَهَا وَمَا يَسْتَأْخِرُونَ (٥) ] هیچ یەك لەو ئوممەتانە ئەجەل و كاتی دیاریكراوی خۆیان پێش و دوا ناكەوێ .
Ərəbcə təfsirlər:
وَقَالُواْ يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِي نُزِّلَ عَلَيۡهِ ٱلذِّكۡرُ إِنَّكَ لَمَجۡنُونٞ
[ وَقَالُوا يَا أَيُّهَا الَّذِي نُزِّلَ عَلَيْهِ الذِّكْرُ إِنَّكَ لَمَجْنُونٌ (٦) ] كافرانی مەككە بە پێغەمبەرى خوایان صلى الله علیه وسلم وت: ئەی ئەو كەسەی كە بەحسابی خۆت ئەم قورئان و زیكرەت بۆ دابەزیوە بەڕاستی تۆ كەسێكی شێتی .
Ərəbcə təfsirlər:
لَّوۡمَا تَأۡتِينَا بِٱلۡمَلَٰٓئِكَةِ إِن كُنتَ مِنَ ٱلصَّٰدِقِينَ
[ لَوْ مَا تَأْتِينَا بِالْمَلَائِكَةِ إِنْ كُنْتَ مِنَ الصَّادِقِينَ (٧) ] ئەی بۆ مەلائیكەتمان بۆ ناهێنی شایەتیت بۆ بدەن لەسەر ڕاستگۆییت ئەگەر تۆ ڕاستگۆیت، یان با مەلائیكەت بێت سزامان بدات ئەگەر ئێمە درۆ بكەین و تۆ ڕاست ئەكەیت و پێغەمبەری خوایت صلى الله علیه وسلم .
Ərəbcə təfsirlər:
مَا نُنَزِّلُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةَ إِلَّا بِٱلۡحَقِّ وَمَا كَانُوٓاْ إِذٗا مُّنظَرِينَ
[ مَا نُنَزِّلُ الْمَلَائِكَةَ إِلَّا بِالْحَقِّ ] خوای گەورە ئەفەرمووێ: ئێمە مەلائیكەت دانابەزێنین ئیللا بەحەق نەبێت (یان بۆ دابەزاندنى پەیام یان بۆ سزا) وە حیكمەتی خوای گەورە چۆن بخوازێ [ وَمَا كَانُوا إِذًا مُنْظَرِينَ (٨) ] ئەو كاتەش كە مەلائیكەتمان دابەزاند مۆڵەت بەمان نادەین بەڵكو سزایان پێش ئەخەین و سزایان ئەدەین.
Ərəbcə təfsirlər:
إِنَّا نَحۡنُ نَزَّلۡنَا ٱلذِّكۡرَ وَإِنَّا لَهُۥ لَحَٰفِظُونَ
خواى گەورە خۆى قورئان دەپارێزێت [ إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ ] خوای گەورە ئەفەرمووێ: ئێمە خۆمان قورئانی پیرۆزمان دابەزاندووە لە رێگاى جبریلەوە (كە سوننەتیش دەگرێتەوە) [ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ (٩) ] وە هەر ئێمە خۆیشمان ئەیپارێزین و كەس ناتوانێ دەستكاری بكات و زیادو كەمی لێ بكات یان گۆڕانكاری لێ بكات تا ڕۆژی قیامەت .
Ərəbcə təfsirlər:
وَلَقَدۡ أَرۡسَلۡنَا مِن قَبۡلِكَ فِي شِيَعِ ٱلۡأَوَّلِينَ
[ وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا مِنْ قَبْلِكَ فِي شِيَعِ الْأَوَّلِينَ (١٠) ] ئەی محمد صلى الله علیه وسلم بە دڵنیایى لە پێش تۆیشدا بۆ ناو هەموو ئوممەت و كۆمەڵ و گروپەكان پێغەمبەرانمان ناردووە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَمَا يَأۡتِيهِم مِّن رَّسُولٍ إِلَّا كَانُواْ بِهِۦ يَسۡتَهۡزِءُونَ
[ وَمَا يَأْتِيهِمْ مِنْ رَسُولٍ إِلَّا كَانُوا بِهِ يَسْتَهْزِئُونَ (١١) ] وە هیچ پێغەمبەرێكیشیان بۆ نەڕۆیشتووە ئیللا گاڵتەیان پێ كردووە چۆن كافرانی مەككە گاڵتە بە تۆ ئەكەن (ئەمە دڵدانەوەى پێغەمبەرى خوایە صلى الله علیه وسلم ) .
Ərəbcə təfsirlər:
كَذَٰلِكَ نَسۡلُكُهُۥ فِي قُلُوبِ ٱلۡمُجۡرِمِينَ
[ كَذَلِكَ نَسْلُكُهُ فِي قُلُوبِ الْمُجْرِمِينَ (١٢) ] بەم شێوازە گومڕایی و شیرك ئەخەینە ناو دڵی تاوانبارانەوە ئەوانەی كە شایەنی هیدایەت نین و عینادى دەكەن لە وەرگرتنى حەق .
Ərəbcə təfsirlər:
لَا يُؤۡمِنُونَ بِهِۦ وَقَدۡ خَلَتۡ سُنَّةُ ٱلۡأَوَّلِينَ
[ لَا يُؤْمِنُونَ بِهِ ] ئیمان ناهێنن بەو قورئانە كە دامانبەزاندووە [ وَقَدْ خَلَتْ سُنَّةُ الْأَوَّلِينَ (١٣) ] وە بە دڵنیایى ڕێگاو ڕێبازی ئوممەتانی پێشتریش جێبەجێ بوو كە خوای گەورە چۆن لەناوی بردن .
Ərəbcə təfsirlər:
وَلَوۡ فَتَحۡنَا عَلَيۡهِم بَابٗا مِّنَ ٱلسَّمَآءِ فَظَلُّواْ فِيهِ يَعۡرُجُونَ
[ وَلَوْ فَتَحْنَا عَلَيْهِمْ بَابًا مِنَ السَّمَاءِ ] ئەگەر ئەو كەسانەی كە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم بەدرۆ ئەزانن دەرگایەكیان لە ئاسمانەوە بۆ بكەینەوە [ فَظَلُّوا فِيهِ يَعْرُجُونَ (١٤) ] وە بەو دەرگایەدا سەر بكەونە ئاسمان و شتە سەیرو سەرسوڕهێنەرەكانی ئاسمان ببینن .
Ərəbcə təfsirlər:
لَقَالُوٓاْ إِنَّمَا سُكِّرَتۡ أَبۡصَٰرُنَا بَلۡ نَحۡنُ قَوۡمٞ مَّسۡحُورُونَ
[ لَقَالُوا إِنَّمَا سُكِّرَتْ أَبْصَارُنَا ] هێشتا ئیمان ناهێنن بەڵكو ئەڵێن: ئێمە چاومان سەرخۆش بووەوداخراوەو كوێر بووەو ئاگامان لە خۆمان نەماوە [ بَلْ نَحْنُ قَوْمٌ مَسْحُورُونَ (١٥) ] بەڵكو ئێمە كەسانێكین كە محمد صلى الله علیه وسلم سیحرو جادووی لێ كردووین .
Ərəbcə təfsirlər:
وَلَقَدۡ جَعَلۡنَا فِي ٱلسَّمَآءِ بُرُوجٗا وَزَيَّنَّٰهَا لِلنَّٰظِرِينَ
[ وَلَقَدْ جَعَلْنَا فِي السَّمَاءِ بُرُوجًا ] خوای گەورە ئەفەرمووێ: بە دڵنیایى لە ئاسمانیشدا بورجمان داناوە كە ئەستێرە گەڕۆكەكانە كە دوانزەن [ وَزَيَّنَّاهَا لِلنَّاظِرِينَ (١٦) ] وە ئاسمانمان بەو ئەستێرانە ڕازاندۆتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە تەماشای ئەكەن و تێی ئەڕوانن و تێی ئەفكرن.
Ərəbcə təfsirlər:
وَحَفِظۡنَٰهَا مِن كُلِّ شَيۡطَٰنٖ رَّجِيمٍ
ئاسمان پارێزراوە لە شەیتان [ وَحَفِظْنَاهَا مِنْ كُلِّ شَيْطَانٍ رَجِيمٍ (١٧) ] وە ئاسمانیشمان پاراستووە لە هەموو شەیتانێكی ڕەجمكراو كە بەرز ببنەوە بۆ ئاسمان كە شتێك لە وەحی یاخود لە فەرمایشتی خوای گەورە بدزن وە بیدەن بە ساحیرو فاڵچییەكان .
Ərəbcə təfsirlər:
إِلَّا مَنِ ٱسۡتَرَقَ ٱلسَّمۡعَ فَأَتۡبَعَهُۥ شِهَابٞ مُّبِينٞ
[ إِلَّا مَنِ اسْتَرَقَ السَّمْعَ ] ئیللا شەیتانێك كە بیەوێ شتێك بدزێ لە وەحییەكە یان لە فەرمانی خوا [ فَأَتْبَعَهُ شِهَابٌ مُبِينٌ (١٨) ] ئەوە پارچە ئەستێرەو نەیزەكێكی ئاشكرا ئەیگرێتەوەو ئەیسووتێنێ و ئەیكوژێ و لەناوی ئەبات .
Ərəbcə təfsirlər:
وَٱلۡأَرۡضَ مَدَدۡنَٰهَا وَأَلۡقَيۡنَا فِيهَا رَوَٰسِيَ وَأَنۢبَتۡنَا فِيهَا مِن كُلِّ شَيۡءٖ مَّوۡزُونٖ
[ وَالْأَرْضَ مَدَدْنَاهَا ] وە زەویشمان فراوان كردووەو ڕاخستووە وەكو فەرش و ڕاخەر [ وَأَلْقَيْنَا فِيهَا رَوَاسِيَ ] وە شاخەكانمان وەكو مێخ تیادا داكووتیوە بۆ ئەوەی جێگیر بێ [ وَأَنْبَتْنَا فِيهَا مِنْ كُلِّ شَيْءٍ مَوْزُونٍ (١٩) ] وە هەموو ڕووەكێكیشمان تیایدا ڕوواندووە بە ئەندازەیەكی زانراو و دیاریكراو بە گوێرەی حیكمەتی خوای گەورەو پێویستی خەڵكی .
Ərəbcə təfsirlər:
وَجَعَلۡنَا لَكُمۡ فِيهَا مَعَٰيِشَ وَمَن لَّسۡتُمۡ لَهُۥ بِرَٰزِقِينَ
[ وَجَعَلْنَا لَكُمْ فِيهَا مَعَايِشَ ] وە سەر زەویشمان بۆ كردوون بە شوێنی ژیان و بژێوی كە لەسەری بژین و هۆكارەكانی ڕزقمان بۆ داناون [ وَمَنْ لَسْتُمْ لَهُ بِرَازِقِينَ (٢٠) ] وە بۆ ئەوانەی تریش كە ئێوە ڕزقیان نادەن وەكو تێكڕای ئاژەڵان .
Ərəbcə təfsirlər:
وَإِن مِّن شَيۡءٍ إِلَّا عِندَنَا خَزَآئِنُهُۥ وَمَا نُنَزِّلُهُۥٓ إِلَّا بِقَدَرٖ مَّعۡلُومٖ
[ وَإِنْ مِنْ شَيْءٍ إِلَّا عِنْدَنَا خَزَائِنُهُ ] وە هیچ شتێك نییە ئیللا خەزێنەكانی لەلای ئێمەیە [ وَمَا نُنَزِّلُهُ إِلَّا بِقَدَرٍ مَعْلُومٍ (٢١) ] وە دایشی نابەزێنین لە ئاسمانەوە بۆ زەوی وە بۆ بەندەكان نایهێنین مەگەر بە ئەندازەیەكی دیاریكراو بە گوێرەی پێویستیان.
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَرۡسَلۡنَا ٱلرِّيَٰحَ لَوَٰقِحَ فَأَنزَلۡنَا مِنَ ٱلسَّمَآءِ مَآءٗ فَأَسۡقَيۡنَٰكُمُوهُ وَمَآ أَنتُمۡ لَهُۥ بِخَٰزِنِينَ
[ وَأَرْسَلْنَا الرِّيَاحَ لَوَاقِحَ ] وە با ئەنێرین بۆ سەر هەورەكان و پڕی ئەكات لە ئاو وە دارەكان ئەپیتێندرێ بۆ ئەوەی كە بێتە بەرهەم (الریاح بە جمع باسكراوە چونكە بەرهەم و سودى هەیە، بەڵام بایەك بۆ سزا بێت بە تاك باسكراوە (الریح) چونكە بێ بەرهەم و بێسودە) [ فَأَنْزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَسْقَيْنَاكُمُوهُ ] لە ئاسمانەوە ئاوێكى سازگارتان بۆ دائەبەزێنین بۆ خواردنەوەی خۆتان و ئاژەڵەكانتان وە بۆ زەوی ئاودان [ وَمَا أَنْتُمْ لَهُ بِخَازِنِينَ (٢٢) ] وە ئێوە ناتوانن خەزنی بكەن ئەگەر خوای گەورە بۆتان دانەبەزێنێ و خەزنى نەكات لە زەویداو نەیپارێزێت .
Ərəbcə təfsirlər:
وَإِنَّا لَنَحۡنُ نُحۡيِۦ وَنُمِيتُ وَنَحۡنُ ٱلۡوَٰرِثُونَ
[ وَإِنَّا لَنَحْنُ نُحْيِي وَنُمِيتُ ] وە ژیان و مردنی دروستكراوەكان تەنها بە دەست خۆمانە [ وَنَحْنُ الْوَارِثُونَ (٢٣) ] وە هەر ئێمەش ئەمێنینەوە، لەبەر ئەوەی دوای ئەوەی كە دروستكراوەكان لەناو ئەچێ بەتەنها خوای گەورە ئەمێنێتەوە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَلَقَدۡ عَلِمۡنَا ٱلۡمُسۡتَقۡدِمِينَ مِنكُمۡ وَلَقَدۡ عَلِمۡنَا ٱلۡمُسۡتَـٔۡخِرِينَ
[ وَلَقَدْ عَلِمْنَا الْمُسْتَقْدِمِينَ مِنْكُمْ وَلَقَدْ عَلِمْنَا الْمُسْتَأْخِرِينَ (٢٤) ] وە بە دڵنیایی ئێمە ئەزانین و زانیاریمان هەیە بەوانەی كە لە پێشدا لە دایك ئەبن وە ئەوانەی كە لە دواییدا لە دایك ئەبن، یاخود ئەوانەى لە كاتى ئادەمەوە مردوون و ئەوانەى كە زیندوون و دواتر دێن تا رۆژى قیامەت زانیاریمان بە هەمووى هەیە، یاخود ئەوانەی كە پێش ئەكەون لە گوێڕایەڵیدا وە ئەوانەی كە دوائەكەون، یاخود ئەوانەی كە لە نوێژدا دێنە ریزەكانی پێشەوەو ئەوانەی كە خۆیان دوا ئەخەن ئاگامان لە هەمووی هەیە، (كەسانێك لە دووڕووەكان یان ئەوانەى تازە موسڵمان ببون و ئیسلام لە دڵیاندا جێگیرو دامەزراو نەبوو خۆیان دوا دەخست لە نوێژدا بۆ ئەوەى لە ریزى ئافرەتان نزیك ببنەوەو بیانبینن خواى گەورە ئەم ئایەتەى دابەزاند) .
Ərəbcə təfsirlər:
وَإِنَّ رَبَّكَ هُوَ يَحۡشُرُهُمۡۚ إِنَّهُۥ حَكِيمٌ عَلِيمٞ
[ وَإِنَّ رَبَّكَ هُوَ يَحْشُرُهُمْ ] بە دڵنیایى هەر خوای گەورە خۆی حەشریان ئەكات و كۆیان ئەكاتەوە [ إِنَّهُ حَكِيمٌ عَلِيمٌ (٢٥) ] بەدڵنیایى خوای گەورە زۆر كاربەجێ و زانایە.
Ərəbcə təfsirlər:
وَلَقَدۡ خَلَقۡنَا ٱلۡإِنسَٰنَ مِن صَلۡصَٰلٖ مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ
دروستكردنى ئادەم [ وَلَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ مِنْ صَلْصَالٍ ] وە بە دڵنیایى ئێمە مرۆڤمان دروست كردووە لە قوڕێكی وشكى لووس، مەبەست پێی ئادەمە [ مِنْ حَمَإٍ مَسْنُونٍ (٢٦) ] (حَمَإ) واتە: قوڕێكی ڕەش (مَسْنُون) واتە: گۆڕاو، یەكەمجار قوڕە دواتر كە بۆگەن ئەكات و ڕەنگ و بۆنی ئەگۆڕێت پێی ئەووترێ: (حَمَإٍ مَسْنُونٍ) وە كاتێك كە وشك ئەبێتەوەو لووس دەبێت ئەو كاتە پێی ئەووترێ: (صَلْصَالٍ) .
Ərəbcə təfsirlər:
وَٱلۡجَآنَّ خَلَقۡنَٰهُ مِن قَبۡلُ مِن نَّارِ ٱلسَّمُومِ
دروستكردنى جن [ وَالْجَانَّ خَلَقْنَاهُ مِنْ قَبْلُ مِنْ نَارِ السَّمُومِ (٢٧) ] وە جنیشمان دروست كردووە لە پێش ئادەمدا لە ئاگرێك كە گڕو بڵێسەی هەیە، مەبەست پێی ئیبلیسە، بۆیە پێی ئەووترێ: (الْجَانَّ) یان جنی لەبەر ئەوەی لەبەر چاو دیار نییە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَإِذۡ قَالَ رَبُّكَ لِلۡمَلَٰٓئِكَةِ إِنِّي خَٰلِقُۢ بَشَرٗا مِّن صَلۡصَٰلٖ مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ
[ وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَرًا مِنْ صَلْصَالٍ مِنْ حَمَإٍ مَسْنُونٍ (٢٨) ] وە كاتێك پەروەردگار بە فریشتەكانی فەرموو: من مرۆڤێك دروست ئەكەم لە قوڕێكی وشكى رەشى گۆڕاوى لووس .
Ərəbcə təfsirlər:
فَإِذَا سَوَّيۡتُهُۥ وَنَفَخۡتُ فِيهِ مِن رُّوحِي فَقَعُواْ لَهُۥ سَٰجِدِينَ
[ فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِنْ رُوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ (٢٩) ] وە كاتێك كە شێوەكەیم ڕێكخست و ڕوحم كردە بەری ئێوە هەمووتان كڕنوشی بۆ بەرن كڕنوشی ڕێزو سڵاو كردن نەك عیبادەت، (لێرە ئیزافەی ڕوح ئەكات بۆ ڕێزلێنان و بەگەورەزانینە، ڕوحەكان هەمووی خوای گەورە دروستی كردووە نەك خوای گەورە لە ڕوحی خۆی كردبێتە بەری ئەو كاتە ئەبوایە ئادەمیش مردنی بەسەردا نەهاتایەو ئەزەلی و هەمیشەیی بوایە بەڵام ئیزافەكە بۆ ڕێزلێنان و بەگەورەزانینە) .
Ərəbcə təfsirlər:
فَسَجَدَ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ كُلُّهُمۡ أَجۡمَعُونَ
[ فَسَجَدَ الْمَلَائِكَةُ كُلُّهُمْ أَجْمَعُونَ (٣٠) ] فـریشتـەكـان هەر هەموویان كڕنوشیان بۆ ئادەم بردو فـەرمانی خـوای گـەورەیان جێبەجێ كرد .
Ərəbcə təfsirlər:
إِلَّآ إِبۡلِيسَ أَبَىٰٓ أَن يَكُونَ مَعَ ٱلسَّٰجِدِينَ
[ إِلَّا إِبْلِيسَ ] تەنها ئیبلیس نەبێ هەر چەندە ئەم جنی بوو لە مەلائیكەت نەبوو بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر عیبادەتی خوای ئەكرد خوای گەورە لەگەڵ مەلائیكەتەكان باسی كرد [ أَبَى أَنْ يَكُونَ مَعَ السَّاجِدِينَ (٣١) ] ڕەتی كردەوە كە لەگەڵ فریشتەكاندا كڕنوش بەرێت.
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ يَٰٓإِبۡلِيسُ مَا لَكَ أَلَّا تَكُونَ مَعَ ٱلسَّٰجِدِينَ
گفتوگۆى نێوان خواى گەورەو ئیبلیس [ قَالَ يَا إِبْلِيسُ مَا لَكَ أَلَّا تَكُونَ مَعَ السَّاجِدِينَ (٣٢) ] خواى گەورە فەرمووى: ئەى ئیبلیس ئەوە چیتە بۆ لەگەڵ فریشتەكان كڕنووش نابەیت؟
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ لَمۡ أَكُن لِّأَسۡجُدَ لِبَشَرٍ خَلَقۡتَهُۥ مِن صَلۡصَٰلٖ مِّنۡ حَمَإٖ مَّسۡنُونٖ
[ قَالَ لَمْ أَكُنْ لِأَسْجُدَ لِبَشَرٍ خَلَقْتَهُ مِنْ صَلْصَالٍ مِنْ حَمَإٍ مَسْنُونٍ (٣٣) ] وتی: ئەی پەروەردگار من كڕنوش نابەم بۆ مرۆڤێك كە تۆ دروستت كردووە لە قوڕێكی بۆگەنی گۆڕاوی وشكى لووس (وە من لەو باشترم چونكە منت لە ئاگر دروستكردووە، ئیبلیس یەكەم كەس بوو كە عەقڵى بەكارهێنا و بە عەقڵى خۆى ئیشی كردو فەرمانى خواى گەورەى پێ رەتكردەوە، بۆیە نابێت فەرمانى خواى گەورەو پێغەمبەرەكەى صلى الله علیه وسلم بە عەقڵ رەت بكرێتەوە) .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ فَٱخۡرُجۡ مِنۡهَا فَإِنَّكَ رَجِيمٞ
[ قَالَ فَاخْرُجْ مِنْهَا فَإِنَّكَ رَجِيمٌ (٣٤) ] خوای گەورە فەرمووی: دەی تۆ دەرچۆ لە بەهەشت وە تۆ دەركراوی لە ڕەحمەتی خوای گەورە.
Ərəbcə təfsirlər:
وَإِنَّ عَلَيۡكَ ٱللَّعۡنَةَ إِلَىٰ يَوۡمِ ٱلدِّينِ
[ وَإِنَّ عَلَيْكَ اللَّعْنَةَ إِلَى يَوْمِ الدِّينِ (٣٥) ] وە نەفرەتی منت لەسەرە تا ڕۆژی سزاو ڕۆژی قیامەت .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ رَبِّ فَأَنظِرۡنِيٓ إِلَىٰ يَوۡمِ يُبۡعَثُونَ
[ قَالَ رَبِّ فَأَنْظِرْنِي إِلَى يَوْمِ يُبْعَثُونَ (٣٦) ] ئیبلیس وتی: ئەی پەروەردگار مۆڵەتم بدەو بمهێلەرەوەو تا ڕۆژی زیندوو بوونەوە مەممرێنە .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ فَإِنَّكَ مِنَ ٱلۡمُنظَرِينَ
[ قَالَ فَإِنَّكَ مِنَ الْمُنْظَرِينَ (٣٧) ] خوای گەورە وەڵامی دایەوەو فەرمووی: تۆ لەوانەی كە ئەمێنیتەوەو مۆڵەتت ئەدەم .
Ərəbcə təfsirlər:
إِلَىٰ يَوۡمِ ٱلۡوَقۡتِ ٱلۡمَعۡلُومِ
[ إِلَى يَوْمِ الْوَقْتِ الْمَعْلُومِ (٣٨) ] تا كاتی دیاریكراو كە ڕۆژی قیامەتە، لە ڕۆژی قیامەت كە قیامەت هات لەگەڵ سەرجەم دروستكراوانی تردا ئیبلیسیش ئەمرێ .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ رَبِّ بِمَآ أَغۡوَيۡتَنِي لَأُزَيِّنَنَّ لَهُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ وَلَأُغۡوِيَنَّهُمۡ أَجۡمَعِينَ
[ قَالَ رَبِّ بِمَا أَغْوَيْتَنِي لَأُزَيِّنَنَّ لَهُمْ فِي الْأَرْضِ ] ئیبلیس وتی: ئەی پەروەردگار بەهۆی ئەوەی كە تۆ گومڕات كردم ئەبێ لەسەر زەویدا تاوان بۆ خەڵكی بڕازێنمەوەو خۆشەویستى بكەم لایان تا ئەنجامى بدەن (ئیبلیس یەكەم كەس بوو كە گومڕا كردنەكەی دایە پاڵ خوای گەورەو قەدەرى كردە بەڵگە لەسەر تاوان و سەرپێچیەكەى، ئەوانەیشى كە تاوان دەكەن و دەڵێن خوا لەسەرى نوسیوین شوێن شەیتان كەوتون) [ وَلَأُغْوِيَنَّهُمْ أَجْمَعِينَ (٣٩) ] وە ئەبێ هەموویان گومڕا بكەم و لە ڕێگای ڕاست دەریان بكەم .
Ərəbcə təfsirlər:
إِلَّا عِبَادَكَ مِنۡهُمُ ٱلۡمُخۡلَصِينَ
[ إِلَّا عِبَادَكَ مِنْهُمُ الْمُخْلَصِينَ (٤٠) ] تەنها ئەو بەندە پاك و دڵسۆزانەت نەبێ كە هەڵتبژاردوون بۆ عیبادەتی خۆت .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ هَٰذَا صِرَٰطٌ عَلَيَّ مُسۡتَقِيمٌ
[ قَالَ هَذَا صِرَاطٌ عَلَيَّ مُسْتَقِيمٌ (٤١) ] خوای گەورە فەرمووی: ئەمە ڕێگای ڕاستی منە كە تۆ توانات بەسەر بەندەكانی مندا نابێ ئەوەی لەسەر ئەم ڕێگا ڕاستە بێت و سەرەنجامتان بۆ لاى من دەگەڕێتەوە .
Ərəbcə təfsirlər:
إِنَّ عِبَادِي لَيۡسَ لَكَ عَلَيۡهِمۡ سُلۡطَٰنٌ إِلَّا مَنِ ٱتَّبَعَكَ مِنَ ٱلۡغَاوِينَ
[ إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ ] بە دڵنیایی بەندە دڵسۆزو هەڵبژێردراوانم تۆ تواناو دەسەڵاتت بەسەریاندا نییە كە گومڕایان بكەی [ إِلَّا مَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْغَاوِينَ (٤٢) ] تەنها ئەو كەسانە نەبێ كە خۆیان شوێنی تۆ بكەون و لە گومڕاییدا بن.
Ərəbcə təfsirlər:
وَإِنَّ جَهَنَّمَ لَمَوۡعِدُهُمۡ أَجۡمَعِينَ
[ وَإِنَّ جَهَنَّمَ لَمَوْعِدُهُمْ أَجْمَعِينَ (٤٣) ] وە بە دڵنیایى دۆزەخیش مەوعیدی هەر هەمووتانە ئەوانەی كە شوێن تۆ بكەون.
Ərəbcə təfsirlər:
لَهَا سَبۡعَةُ أَبۡوَٰبٖ لِّكُلِّ بَابٖ مِّنۡهُمۡ جُزۡءٞ مَّقۡسُومٌ
دۆزەخ حەوت دەرگاى هەیە [ لَهَا سَبْعَةُ أَبْوَابٍ لِكُلِّ بَابٍ مِنْهُمْ جُزْءٌ مَقْسُومٌ (٤٤) ] كە حەوت دەرگای هەیە هەر یەكێك لەو حەوت دەرگایە بەشی دیاریكراوی خۆی هەیە كە خەڵكى لێوەی ئەچێتە ژوورەوە .
Ərəbcə təfsirlər:
إِنَّ ٱلۡمُتَّقِينَ فِي جَنَّٰتٖ وَعُيُونٍ
[ إِنَّ الْمُتَّقِينَ فِي جَنَّاتٍ وَعُيُونٍ (٤٥) ] ئەو كەسانەی تەقوای خوای گەورەیان كردووە بەدڵنیایى لەناو باخ و سەرچاوەكانی ئاوى بەهەشتدان .
Ərəbcə təfsirlər:
ٱدۡخُلُوهَا بِسَلَٰمٍ ءَامِنِينَ
[ ادْخُلُوهَا بِسَلَامٍ آمِنِينَ (٤٦) ] پێیان ئەووترێ: بچنە ناو بەهەشتەوە ئێوە سەلامەت و پارێزراون لە هەموو دەردو بەڵایەك وە ئەمینن لە هەموو ترسێك .
Ərəbcə təfsirlər:
وَنَزَعۡنَا مَا فِي صُدُورِهِم مِّنۡ غِلٍّ إِخۡوَٰنًا عَلَىٰ سُرُرٖ مُّتَقَٰبِلِينَ
[ وَنَزَعْنَا مَا فِي صُدُورِهِمْ مِنْ غِلٍّ إِخْوَانًا ] بەهەشتییەكان هەر ڕق و كینەیەك لە دڵیاندا بوو بێت پێش ئەوەی بچنە بەهەشت خوای گەورە هەمووی دەرئەكات و ئەیانكات بە برای یەكتری [ عَلَى سُرُرٍ مُتَقَابِلِينَ (٤٧) ] لەسەر جێگای بەرز دایان ئەنێن كە بۆیان ئامادە كراوە بەرامبەر یەكتر دائەنیشن و تەماشای یەكتری ئەكەن .
Ərəbcə təfsirlər:
لَا يَمَسُّهُمۡ فِيهَا نَصَبٞ وَمَا هُم مِّنۡهَا بِمُخۡرَجِينَ
[ لَا يَمَسُّهُمْ فِيهَا نَصَبٌ ] لە بەهەشتدا تووشی ماندوو بوون نابن [ وَمَا هُمْ مِنْهَا بِمُخْرَجِينَ (٤٨) ] وە ئەوەی بچێتە بەهەشتەوە جارێكی تر لە بەهەشت دەرناكرێن، وە نەخۆش ناكەون و پیر نابن .
Ərəbcə təfsirlər:
۞ نَبِّئۡ عِبَادِيٓ أَنِّيٓ أَنَا ٱلۡغَفُورُ ٱلرَّحِيمُ
[ نَبِّئْ عِبَادِي أَنِّي أَنَا الْغَفُورُ الرَّحِيمُ (٤٩) ] ئەی محمد صلى الله علیه وسلم هەواڵ بە بەندەكانم بدە كە بە دڵنیایى منم زۆر لێخۆشبوو بە بەزەییم.
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنَّ عَذَابِي هُوَ ٱلۡعَذَابُ ٱلۡأَلِيمُ
[ وَأَنَّ عَذَابِي هُوَ الْعَذَابُ الْأَلِيمُ (٥٠) ] وە بە دڵنیایى سزای من یەكجار سزایەكی بە ئێش و ئازارە.
Ərəbcə təfsirlər:
وَنَبِّئۡهُمۡ عَن ضَيۡفِ إِبۡرَٰهِيمَ
میوانەكانى ئیبراهیم پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم [ وَنَبِّئْهُمْ عَنْ ضَيْفِ إِبْرَاهِيمَ (٥١) ] وە هەواڵیان پێ بدە سەبارەت بە میوانەكانی ئیبراهیم صلى الله علیه وسلم كاتێك كە فریشتەكان هاتن بۆ لای لەسەر شێوەی مرۆڤدا .
Ərəbcə təfsirlər:
إِذۡ دَخَلُواْ عَلَيۡهِ فَقَالُواْ سَلَٰمٗا قَالَ إِنَّا مِنكُمۡ وَجِلُونَ
[ إِذْ دَخَلُوا عَلَيْهِ فَقَالُوا سَلَامًا ] كاتێك هاتنە ژوورەوە بۆ لای سەلامیان لە ئیبراهیم كرد صلى الله علیه وسلم [ قَالَ إِنَّا مِنْكُمْ وَجِلُونَ (٥٢) ] ئیبراهیم صلى الله علیه وسلم دوای ئەوەی كە گوێلكێكی بۆ سوور كردنەوەو بۆى هێنان نەیانخوارد، پێی فەرموون: كە ناخۆن من لێتان ئەترسێم نەك نیازی خراپتان هەبێ، وەكو لە سوورەتی (هود) باسمان كرد.
Ərəbcə təfsirlər:
قَالُواْ لَا تَوۡجَلۡ إِنَّا نُبَشِّرُكَ بِغُلَٰمٍ عَلِيمٖ
[ قَالُوا لَا تَوْجَلْ إِنَّا نُبَشِّرُكَ بِغُلَامٍ عَلِيمٍ (٥٣) ] وتیان: مەترسێ ئێمە موژدەت پێ ئەدەین بە منداڵێكی زۆر زانا كە ئیسحاق بووە .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ أَبَشَّرۡتُمُونِي عَلَىٰٓ أَن مَّسَّنِيَ ٱلۡكِبَرُ فَبِمَ تُبَشِّرُونَ
[ قَالَ أَبَشَّرْتُمُونِي عَلَى أَنْ مَسَّنِيَ الْكِبَرُ ] ئیبراهیمیش صلى الله علیه وسلم ئەفەرمووێ: ئایا ئێوە موژدە بە من ئەدەن لە كاتێكدا كە من پیاوێكی پیرو بەتەمەنم و چوومەتە ناو ساڵەوە، كە وتراوە خۆى تەمەنى (١٢٠ ساڵ) و خێزانى تەمەنى (٩٠ ساڵ) بووە [ فَبِمَ تُبَشِّرُونَ (٥٤) ] موژدەی چیم پێ ئەدەن؟ پێی سەیر بوو .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالُواْ بَشَّرۡنَٰكَ بِٱلۡحَقِّ فَلَا تَكُن مِّنَ ٱلۡقَٰنِطِينَ
[ قَالُوا بَشَّرْنَاكَ بِالْحَقِّ ] وتیان: ئەو موژدەیەی ئێمە پێت ئەدەین یەقینەو حەقە [ فَلَا تَكُنْ مِنَ الْقَانِطِينَ (٥٥) ] تۆ لەو كەسانە مەبە كە بێ ئومێد بوونە .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ وَمَن يَقۡنَطُ مِن رَّحۡمَةِ رَبِّهِۦٓ إِلَّا ٱلضَّآلُّونَ
[ قَالَ وَمَنْ يَقْنَطُ مِنْ رَحْمَةِ رَبِّهِ إِلَّا الضَّالُّونَ (٥٦) ] ئیبراهیمیش صلى الله علیه وسلم فەرمووی: كێ هەیە بێ ئومێد بێ لە ڕەحمەتی خوای گەورە مەگەر كەسانێكی گومڕا، من بێ ئومێد نیم و بە دووری نازانم كە لەم تەمەنەدا مناڵم ببێ چونكە دەزانم تواناو رەحمەتى خواى گەورە چەند فراوانە .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ فَمَا خَطۡبُكُمۡ أَيُّهَا ٱلۡمُرۡسَلُونَ
[ قَالَ فَمَا خَطْبُكُمْ أَيُّهَا الْمُرْسَلُونَ (٥٧) ] ئیبراهیم صلى الله علیه وسلم دواى ئەوەى ترسەكەى نەما فەرمووی: ئەی نێردراوانی خوای گەورە ئێوە كارتان چییەو بۆچی هاتوون؟
Ərəbcə təfsirlər:
قَالُوٓاْ إِنَّآ أُرۡسِلۡنَآ إِلَىٰ قَوۡمٖ مُّجۡرِمِينَ
[ قَالُوا إِنَّا أُرْسِلْنَا إِلَى قَوْمٍ مُجْرِمِينَ (٥٨) ] وتیان: ئێمە لە لایەن خوای گەورەوە نێردراوین بۆ لای كەسانێكی تاوانبار كە قەومی لوط صلى الله علیه وسلم بوون .
Ərəbcə təfsirlər:
إِلَّآ ءَالَ لُوطٍ إِنَّا لَمُنَجُّوهُمۡ أَجۡمَعِينَ
[ إِلَّا آلَ لُوطٍ ] تەنها كەسوكارو شوێنكەوتوانی لوط صلى الله علیه وسلم نەبێت [ إِنَّا لَمُنَجُّوهُمْ أَجْمَعِينَ (٥٩) ] ئێمە هەموو ئەوان ڕزگار ئەكەین.
Ərəbcə təfsirlər:
إِلَّا ٱمۡرَأَتَهُۥ قَدَّرۡنَآ إِنَّهَا لَمِنَ ٱلۡغَٰبِرِينَ
[ إِلَّا امْرَأَتَهُ ] تەنها خێزانەكەی نەبێ كە كافر بوو ئەو ڕزگاری نابێ [ قَدَّرْنَا إِنَّهَا لَمِنَ الْغَابِرِينَ (٦٠) ] بڕیارمان داوە كە بە فەرمانی خوای گەورە ئەو ئەمێنێتەوەو لەگەڵ كافراندا سزا ئەدرێ و لەناودەچێت.
Ərəbcə təfsirlər:
فَلَمَّا جَآءَ ءَالَ لُوطٍ ٱلۡمُرۡسَلُونَ
سەردانى كردنى فریشتەكان بۆ لاى لوط پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم [ فَلَمَّا جَاءَ آلَ لُوطٍ الْمُرْسَلُونَ (٦١) ] كاتێك فریشتە نێردراوەكانی خوای گەورە لەسەر شێوەى گەنجى زۆر جوان چوون بۆ لای لوط پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ إِنَّكُمۡ قَوۡمٞ مُّنكَرُونَ
[ قَالَ إِنَّكُمْ قَوْمٌ مُنْكَرُونَ (٦٢) ] لوطيش صلى الله علیه وسلم پێی فەرموون: ئێوە كەسانێكی نەناسراون من ناتانناسم.
Ərəbcə təfsirlər:
قَالُواْ بَلۡ جِئۡنَٰكَ بِمَا كَانُواْ فِيهِ يَمۡتَرُونَ
[ قَالُوا بَلْ جِئْنَاكَ بِمَا كَانُوا فِيهِ يَمْتَرُونَ (٦٣) ] وتیان: ئێمە ئەو سزایەمان بۆ كافرانی قەومەكەت هێناوە كە ئەوان گومانیان لێی هەبوو .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَتَيۡنَٰكَ بِٱلۡحَقِّ وَإِنَّا لَصَٰدِقُونَ
[ وَأَتَيْنَاكَ بِالْحَقِّ ] وە حەقمان بۆ هێناویت كە سزاكە تووشی ئەوان ئەبێ [ وَإِنَّا لَصَادِقُونَ (٦٤) ] وە ئێمە ڕاستگۆین لەم هەواڵەدا .
Ərəbcə təfsirlər:
فَأَسۡرِ بِأَهۡلِكَ بِقِطۡعٖ مِّنَ ٱلَّيۡلِ وَٱتَّبِعۡ أَدۡبَٰرَهُمۡ وَلَا يَلۡتَفِتۡ مِنكُمۡ أَحَدٞ وَٱمۡضُواْ حَيۡثُ تُؤۡمَرُونَ
[ فَأَسْرِ بِأَهْلِكَ بِقِطْعٍ مِنَ اللَّيْلِ ] وە كەسوكارو شوێنكەوتوانت لە بەشێكی تاریكی شەودا بەرە [ وَاتَّبِعْ أَدْبَارَهُمْ ] خۆت لە دوای هەموویانەوە بڕۆ نەوەكو كەس بەجێ بمێنێ [ وَلَا يَلْتَفِتْ مِنْكُمْ أَحَدٌ ] وە با كەس لە ئێوە ئاوڕ نەداتە دواوە نەوەكو سزاكە ببینێ و دوا بكەوێ [ وَامْضُوا حَيْثُ تُؤْمَرُونَ (٦٥) ] وە چۆن فەرمانتان پێ كراوە بۆ ئەو شوێن و ئاراستەیە بۆ ئەوێ بڕۆن، كە وتراوە: بۆ لای ئیبراهیم پێغەمبەر بوو صلى الله علیه وسلم .
Ərəbcə təfsirlər:
وَقَضَيۡنَآ إِلَيۡهِ ذَٰلِكَ ٱلۡأَمۡرَ أَنَّ دَابِرَ هَٰٓؤُلَآءِ مَقۡطُوعٞ مُّصۡبِحِينَ
[ وَقَضَيْنَا إِلَيْهِ ذَلِكَ الْأَمْرَ ] ئەم شتەمان بە وەحی بۆ لوط صلى الله علیه وسلم نارد كـە قەومەكـەی لەناو ئەچێ [ أَنَّ دَابِرَ هَؤُلَاءِ مَقْطُوعٌ مُصْبِحِينَ (٦٦) ] كە بە دڵنیایى ئەم قەومەی تۆ دوایان ئەبڕینەوە لە بەرەبەیاندا .
Ərəbcə təfsirlər:
وَجَآءَ أَهۡلُ ٱلۡمَدِينَةِ يَسۡتَبۡشِرُونَ
[ وَجَاءَ أَهْلُ الْمَدِينَةِ يَسْتَبْشِرُونَ (٦٧) ] خەڵكی شارەكەش لە كافرانى قەومی لوط كاتێك زانیان میوانی هاتووە بە موژدەو دڵخۆشییەوە هاتن بۆ ئەوەی دەستدرێژی بكەنە سەر میوانەكانی لوط صلى الله علیه وسلم .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ إِنَّ هَٰٓؤُلَآءِ ضَيۡفِي فَلَا تَفۡضَحُونِ
لوط پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم غەیب نازانێت و فریشتەكان ناناسێت [ قَالَ إِنَّ هَؤُلَاءِ ضَيْفِي فَلَا تَفْضَحُونِ (٦٨) ] لوط صلى الله علیه وسلم پێش ئەوەى بزانێت ئەمانە فریشتەن فەرمووی: ئەمانە میوانی منن ئێوە ئابڕووم مەبەن بەوەی كە دەستدرێژی بكەنە سەریان .
Ərəbcə təfsirlər:
وَٱتَّقُواْ ٱللَّهَ وَلَا تُخۡزُونِ
[ وَاتَّقُوا اللَّهَ وَلَا تُخْزُونِ (٦٩) ] وە لە خوای گەورە بترسێن و سەرشۆڕم مەكەن كە دەستدرێژی بكەنە سەر میوانەكانم .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالُوٓاْ أَوَلَمۡ نَنۡهَكَ عَنِ ٱلۡعَٰلَمِينَ
[ قَالُوا أَوَلَمْ نَنْهَكَ عَنِ الْعَالَمِينَ (٧٠) ] وتیان: ئەی لوط صلى الله علیه وسلم ئایا ئێمە پێشتر تۆمان قەدەغە نەكرد لەوەی كە نابێ ئیتر میوانت بێت، یاخود پێمان نەوتیت ئەگەر میوانت هات نابێ ڕێگریمان لێ بكەی لە دەستدرێژى كردنە سەریان .
Ərəbcə təfsirlər:
قَالَ هَٰٓؤُلَآءِ بَنَاتِيٓ إِن كُنتُمۡ فَٰعِلِينَ
[ قَالَ هَؤُلَاءِ بَنَاتِي إِنْ كُنْتُمْ فَاعِلِينَ (٧١) ] لوط صلى الله علیه وسلم فەرمووی: ئا ئەمانە هەمووی كچی منن، واتە: كچی قەومەكەمن (ئەم وەكو باوكیان وایە) ئەگەر ئێوە ئەتانەوێ و حەزتان لەو شتەیە بڕۆن مارەیان بكەن و بیانخوازن بەحەڵاڵی، بەڵام ئەمە حەرامە ئەنجامى مەدەن .
Ərəbcə təfsirlər:
لَعَمۡرُكَ إِنَّهُمۡ لَفِي سَكۡرَتِهِمۡ يَعۡمَهُونَ
[ لَعَمْرُكَ ] خوای گەورە ئەفەرمووێ: سوێند بێ بە تەمەن و ژیانى تۆ ئەی محمد صلى الله علیه وسلم (خوای گەورە بۆی هەیە بە هەر شتێك سوێند بخوات سوێند ئەخوات بەڵام ئێمە دروست نییە سوێند بە غەیرى خواى گەورە بخۆین و شەریك دانانە بۆ خواى گەورە) [ إِنَّهُمْ لَفِي سَكْرَتِهِمْ يَعْمَهُونَ (٧٢) ] ئەوان وەكو سەرخۆشیان لێ هاتووەو ئاگایان لە خۆیان نەماوەو بێئاگا بوونەو لە گومڕایی خۆیاندا یاری دەكەن و خەڵافاون و گەوزاون.
Ərəbcə təfsirlər:
فَأَخَذَتۡهُمُ ٱلصَّيۡحَةُ مُشۡرِقِينَ
خواى گەورە سزاى بەدڕەوشتانى داو بەردبارانى كردن [ فَأَخَذَتْهُمُ الصَّيْحَةُ مُشْرِقِينَ (٧٣) ] خوای گەورە سزای دان بە دەنگێكی گەورە لە كاتی ڕۆژهەڵاتندا .
Ərəbcə təfsirlər:
فَجَعَلۡنَا عَٰلِيَهَا سَافِلَهَا وَأَمۡطَرۡنَا عَلَيۡهِمۡ حِجَارَةٗ مِّن سِجِّيلٍ
[ فَجَعَلْنَا عَالِيَهَا سَافِلَهَا ] وە دێ یەكەیانمان ئەمدیو و ئەمدیو كردو بەرزیەكەیمان كردە نزمی و بردمانە ئاسمان وە بەرمان دایەوە [ وَأَمْطَرْنَا عَلَيْهِمْ حِجَارَةً مِنْ سِجِّيلٍ (٧٤) ] وە دواتریش لە بانیشەوە بەردبارانمان كردن بە بەردێك لە قوڕێكی سوورەوەكراو بە ئاگری دۆزەخ .
Ərəbcə təfsirlər:
إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَٰتٖ لِّلۡمُتَوَسِّمِينَ
[ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِلْمُتَوَسِّمِينَ (٧٥) ] بە دڵنیایى ئەمە هەمووی نیشانەیە بۆ ئەو كەسانەی كە بیر ئەكەنەوەو تێ ئەڕوانن و پەند و ئامۆژگارى وەردەگرن (مُتَوَسِّم): ئەوەی كە لە سەرتەوە تا پێت تێ ئەڕوانێ .
Ərəbcə təfsirlər:
وَإِنَّهَا لَبِسَبِيلٖ مُّقِيمٍ
[ وَإِنَّهَا لَبِسَبِيلٍ مُقِيمٍ (٧٦) ] وە ئەمە ڕێگایەكە تا ئێستا ماوەتەوەو لەسەر شوێنێكی جێگیرن كە شوێنەكەیان لە ڕێگای مەدینە بۆ شام بووەو بۆتە دەریاچەیەكى بۆگەنى پیس.
Ərəbcə təfsirlər:
إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّلۡمُؤۡمِنِينَ
[ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَةً لِلْمُؤْمِنِينَ (٧٧) ] بە دڵنیایى ئەمە بەڵگەو نیشانەیە بۆ باوەڕداران تا پەندو ئامۆژگاری لێ وەربگرن.
Ərəbcə təfsirlər:
وَإِن كَانَ أَصۡحَٰبُ ٱلۡأَيۡكَةِ لَظَٰلِمِينَ
سزادانى هەندێك لە ئوممەتە كافرەكان [ وَإِنْ كَانَ أَصْحَابُ الْأَيْكَةِ لَظَالِمِينَ (٧٨) ] هەرچەندە هاوەڵانی (ئەیكە) لە ستەمكاران بوونە (شەریكیان بۆ خوا داناوەو چەتەیى و رێگریان كردووەو لە كێشانەو پێوانەدا فێڵیان كردووە)، وتراوە: (ئەیكە) دارى چڕ بووە، یاخود ناوی دێ یەكەیان بووە كە قەومی شوعەیب بوونە.
Ərəbcə təfsirlər:
فَٱنتَقَمۡنَا مِنۡهُمۡ وَإِنَّهُمَا لَبِإِمَامٖ مُّبِينٖ
[ فَانْتَقَمْنَا مِنْهُمْ ] وە تۆڵەمان لەوانیش سەندو زەویمان لەژێریاندا هەژاندو بە دەنگێگى گەورە لە ناومان بردن [ وَإِنَّهُمَا لَبِإِمَامٍ مُبِينٍ (٧٩) ] وە ئەوانیش شوێنیان ئاشكراو دیار بووە.
Ərəbcə təfsirlər:
وَلَقَدۡ كَذَّبَ أَصۡحَٰبُ ٱلۡحِجۡرِ ٱلۡمُرۡسَلِينَ
[ وَلَقَدْ كَذَّبَ أَصْحَابُ الْحِجْرِ الْمُرْسَلِينَ (٨٠) ] وە بە دڵنیایى هاوەڵانی (حیجر)یش سەرجەم پێغەمبەرانیان بەدرۆزانى (چونكە ئەوەى پێغەمبەرێك بە درۆ بزانێ ئەوا سەرجەم پێغەمبەرانى بە درۆ زانیووە) كە قەومی ثەمود بوونە لە نێوان تەبوك و مەدینە نیشتەجێ بوونە خوای گەورە پێغەمبەر ساڵحی بۆ ناردوون
Ərəbcə təfsirlər:
وَءَاتَيۡنَٰهُمۡ ءَايَٰتِنَا فَكَانُواْ عَنۡهَا مُعۡرِضِينَ
[ وَآتَيْنَاهُمْ آيَاتِنَا ] وە ئایەت و موعجیزەكانى خۆمان پێ بەخشین لەوانە حوشترەكە [ فَكَانُوا عَنْهَا مُعْرِضِينَ (٨١) ] بەڵام ئەوان پشتیان تێكردو پەندو ئامۆژگاریان وەرنەگرت وە حوشترەكەیان سەربڕی و بێفەرمانی پێغەمبەرەكەیان كرد .
Ərəbcə təfsirlər:
وَكَانُواْ يَنۡحِتُونَ مِنَ ٱلۡجِبَالِ بُيُوتًا ءَامِنِينَ
[ وَكَانُوا يَنْحِتُونَ مِنَ الْجِبَالِ بُيُوتًا آمِنِينَ (٨٢) ] وە زۆر بەهێز بوون لە شاخەكاندا ماڵی ئەمینیان بۆ خۆیان هەڵئەكۆڵی بۆ ئەوەی بە گومانى خۆیان بیانپارێزێ لە سزای خوای گەورە .
Ərəbcə təfsirlər:
فَأَخَذَتۡهُمُ ٱلصَّيۡحَةُ مُصۡبِحِينَ
[ فَأَخَذَتْهُمُ الصَّيْحَةُ مُصْبِحِينَ (٨٣) ] ئەمانیش لە بەرەبەیاندا دەنگێك لەلایەن خوای گەورەوە هات و گرتیانیەوەو هەموویانى لەناوبرد .
Ərəbcə təfsirlər:
فَمَآ أَغۡنَىٰ عَنۡهُم مَّا كَانُواْ يَكۡسِبُونَ
[ فَمَا أَغْنَى عَنْهُمْ مَا كَانُوا يَكْسِبُونَ (٨٤) ] وە ئەو هێزو توانایەی پێشتر كە هەیان بوو، یان ماڵ و سەروەت و سامانیان هیچ سوودێكی پێ نەگەیاندن بەڵكو خوای گەورە لەناوی بردن .
Ərəbcə təfsirlər:
وَمَا خَلَقۡنَا ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ وَمَا بَيۡنَهُمَآ إِلَّا بِٱلۡحَقِّۗ وَإِنَّ ٱلسَّاعَةَ لَأٓتِيَةٞۖ فَٱصۡفَحِ ٱلصَّفۡحَ ٱلۡجَمِيلَ
[ وَمَا خَلَقْنَا السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَمَا بَيْنَهُمَا إِلَّا بِالْحَقِّ ] وە ئێمە ئاسمانەكان و زەوی و ئەوەی لە نێوانیاندا هەیە دروستمان نەكردووە ئیللا بەحەق نەبێ، هەمووی حەقەو سوودو بەرژەوەندی خەڵكی تیایە [ وَإِنَّ السَّاعَةَ لَآتِيَةٌ ] وە بە دڵنیایی قیامەتیش دێت و گومانی تیادا نییە [ فَاصْفَحِ الصَّفْحَ الْجَمِيلَ (٨٥) ] ئەی محمد صلى الله علیه وسلم تۆ لێبووردەو لێخۆشبوو بە بەرامبەر ئەو كەسانەی كە خراپەیان لەگەڵدا كردووى.
Ərəbcə təfsirlər:
إِنَّ رَبَّكَ هُوَ ٱلۡخَلَّٰقُ ٱلۡعَلِيمُ
[ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ الْخَلَّاقُ الْعَلِيمُ (٨٦) ] بە دڵنیایى پەروەردگارت زۆر دروستكارەو هەموو دروستكراوانی دروست كردووە، وە زۆر زانایشە بە حاڵیان .
Ərəbcə təfsirlər:
وَلَقَدۡ ءَاتَيۡنَٰكَ سَبۡعٗا مِّنَ ٱلۡمَثَانِي وَٱلۡقُرۡءَانَ ٱلۡعَظِيمَ
[ وَلَقَدْ آتَيْنَاكَ سَبْعًا مِنَ الْمَثَانِي وَالْقُرْآنَ الْعَظِيمَ (٨٧) ] وە بە دڵنیایى سوورەتی فاتیحەو ئەو قورئانە گەورەیەشمان پێ بەخشیویت (سَبْعًا مِنَ الْمَثَانِي) وتراوە: مەبەست پێی سوورەتی فاتیحەیە كە ژمارەی ئایەتەكانی حەوتە، وە (الْمَثَانِي) لەبەر ئەوەی لە هەموو نوێژێكدا دووبارە ئەبێتەوە، یاخود وتراوە مەبەست پێى حەوت سورەتە درێژەكەى سەرەتاى قورئانە (بەقەرەو ئالى عیمران و نساء و مائیدەو ئەنعام و ئەعراف و یونس، یان لە جێى یونس ئەنفال و تەوبە) .
Ərəbcə təfsirlər:
لَا تَمُدَّنَّ عَيۡنَيۡكَ إِلَىٰ مَا مَتَّعۡنَا بِهِۦٓ أَزۡوَٰجٗا مِّنۡهُمۡ وَلَا تَحۡزَنۡ عَلَيۡهِمۡ وَٱخۡفِضۡ جَنَاحَكَ لِلۡمُؤۡمِنِينَ
[ لَا تَمُدَّنَّ عَيْنَيْكَ إِلَى مَا مَتَّعْنَا بِهِ أَزْوَاجًا مِنْهُمْ ] تۆ چاو مەبڕەو مەڕوانە ئەو كەسانەى كە ژیانی دونیایان بۆ ڕازێندراوەتەوە (أَزْوَاج) واتە: ئەوانەی كە دەوڵەمەندن و هاوشێوەیانن [ وَلَا تَحْزَنْ عَلَيْهِمْ ] وە خەفەتیش مەخۆ كاتێك كە باوەڕ ناهێنن [ وَاخْفِضْ جَنَاحَكَ لِلْمُؤْمِنِينَ (٨٨) ] وە تۆ باڵت شۆڕ بكەوە بۆ باوەڕداران واتە: خۆبەكەمزان و نەرمونیان بە لەگەڵیان .
Ərəbcə təfsirlər:
وَقُلۡ إِنِّيٓ أَنَا ٱلنَّذِيرُ ٱلۡمُبِينُ
[ وَقُلْ إِنِّي أَنَا النَّذِيرُ الْمُبِينُ (٨٩) ] وە پێیان بڵێ: بە دڵنیایى من ئاگاداركەرەوەو ترسێنەرێكی ئاشكرام بۆ ئێوە كە ئاگادارتان ئەكەمەوە لـە سزای خـوای گەورە .
Ərəbcə təfsirlər:
كَمَآ أَنزَلۡنَا عَلَى ٱلۡمُقۡتَسِمِينَ
[ كَمَا أَنْزَلْنَا عَلَى الْمُقْتَسِمِينَ (٩٠) ] هەروەكو چۆن سزامان دابەزاندە سەر ئەوانەی كە هاوپەیمانیەتیان بەست، كە وتراوە: شانزە پیاو بوونە كە (وەلیدی كوڕی موغیرە) لە كاتی مەوسیمی حەجدا دەیناردنە لەسەر ڕێگاكانی مەككە ڕائەوەستان هەر كەسێك بهاتایە ئەیانوت: بە محمد صلى الله علیه وسلم هەڵنەخەڵەتێن لەبەر ئەوەی شێتە یاخود ساحیرە یاخود شاعیرە یان فاڵچییە
Ərəbcə təfsirlər:
ٱلَّذِينَ جَعَلُواْ ٱلۡقُرۡءَانَ عِضِينَ
[ الَّذِينَ جَعَلُوا الْقُرْآنَ عِضِينَ (٩١) ] ئەوانەی كە قورئانیان بەش بەش كرد هەندێكیان ئەیانوت: ئەم قورئانە شیعرەو هەندێكیان ئەیانوت: سیحرەو هەندێكیان ئەیانوت: فاڵچیەتیەو هەندێكیان ئەیانوت: پەندو بەسەرهاتی ئوممەتانی پێشترە، یاخود وتراوە: ئیمانیان بە هەندێك لە قورئان هەبووەو كوفریان بە هەندێكی كردووە .
Ərəbcə təfsirlər:
فَوَرَبِّكَ لَنَسۡـَٔلَنَّهُمۡ أَجۡمَعِينَ
[ فَوَرَبِّكَ لَنَسْأَلَنَّهُمْ أَجْمَعِينَ (٩٢) ] وە سوێند بێ بە پەروەردگاری تۆ ئەی محمد صلى الله علیه وسلم لە ڕۆژی قیامەت پرسیار لەو كافرانە لە هەر هەموویان ئەكەین لەسەر لا إله الا الله .
Ərəbcə təfsirlər:
عَمَّا كَانُواْ يَعۡمَلُونَ
[ عَمَّا كَانُوا يَعْمَلُونَ (٩٣) ] لەو كردەوە خراپانەی كە لە دونیا ئەنجامیان ئەدا، وە چى وەڵامى پێغەمبەرانیان داوەتەوە .
Ərəbcə təfsirlər:
فَٱصۡدَعۡ بِمَا تُؤۡمَرُ وَأَعۡرِضۡ عَنِ ٱلۡمُشۡرِكِينَ
[ فَاصْدَعْ بِمَا تُؤْمَرُ ] تۆ ئەوەی كە خوای گەورە فەرمانی پێ كردوویت ئاشكرای بكەو بە ئاشكرا بیڵێ و بانگەوازیان بكە بۆ یەكخواپەرستی خوای گەورە [ وَأَعْرِضْ عَنِ الْمُشْرِكِينَ (٩٤) ] وە پشت بكە لە موشریكان و گوێیان پێ مەدە .
Ərəbcə təfsirlər:
إِنَّا كَفَيۡنَٰكَ ٱلۡمُسۡتَهۡزِءِينَ
[ إِنَّا كَفَيْنَاكَ الْمُسْتَهْزِئِينَ (٩٥) ] بە دڵنیایى ئێمەت بەسە بۆ لە كۆڵكردنەوەی ئەوانەی كە گاڵتەت پێ ئەكەن، خوای گەورە ئەوانەت لە كۆڵ ئەكاتەوەو دەتپارێزێت .
Ərəbcə təfsirlər:
ٱلَّذِينَ يَجۡعَلُونَ مَعَ ٱللَّهِ إِلَٰهًا ءَاخَرَۚ فَسَوۡفَ يَعۡلَمُونَ
[ الَّذِينَ يَجْعَلُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَهًا آخَرَ ] ئەو كەسانەی كە لەگەڵ خوای گەورەدا شەریك بۆ خوای گەورە دائەنێن و خوای تر ئەپەرستن [ فَسَوْفَ يَعْلَمُونَ (٩٦) ] لە داهاتووا سەرەنجامی ئەم شەریك دانانەیان بۆ خوای گەورە ئەزانن كە خوای گەورە چۆن سزایان ئەدات (ئەمە هەڕەشەیەكى سەختە لەو كەسانەى كە شەریك بۆ خواى گەورە دادەنێن) .
Ərəbcə təfsirlər:
وَلَقَدۡ نَعۡلَمُ أَنَّكَ يَضِيقُ صَدۡرُكَ بِمَا يَقُولُونَ
[ وَلَقَدْ نَعْلَمُ أَنَّكَ يَضِيقُ صَدْرُكَ بِمَا يَقُولُونَ (٩٧) ] وە ئێمە ئەزانین كە تۆ دڵت تەنگ ئەبێ بەوەی كە ئەوان سەبارەت بە تۆ ئەیڵێن وە تۆمەتبارت ئەكەن بەوەی كە تۆ ساحیرو جادووگەری یان فاڵچیت یان شێت بوویتە یان درۆ ئەكەی .
Ərəbcə təfsirlər:
فَسَبِّحۡ بِحَمۡدِ رَبِّكَ وَكُن مِّنَ ٱلسَّٰجِدِينَ
[ فَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ ] تۆ تەسبیحاتی پەروەردگارت بكەو حەمدو سەنای خوای گەورە بكە [ وَكُنْ مِنَ السَّاجِدِينَ (٩٨) ] وە تۆ لەو كەسانە بە كە كڕنوش بۆ خوای گەورە ئەبەن .
Ərəbcə təfsirlər:
وَٱعۡبُدۡ رَبَّكَ حَتَّىٰ يَأۡتِيَكَ ٱلۡيَقِينُ
[ وَاعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّى يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ (٩٩) ] وە عیبادەتی پەروەردگارت بكە تا ئەو كاتەی ئەمریت و مردنت پێ ئەگات، یەقین واتە: مردن، نەك وەكو كەسانێكى نەزان و نەفام لێی تێگەیشتوون كە دەڵێن یەقین واتە ناسینى خواى گەورەو پلەیەكە هەندێك كەس پێى دەگەن و ئیتر نوێژو عیبادەت ناكەن و دەڵێن گەیشتوینەتە یەقین و تەكلیفمان لەسەر نەماوە!!ئەگەر وابوایە دەبوایە پێغەمبەران نوێژو عیبادەتى خوایان نەكردایا، چونكە كەس وەكو ئەوان خواى گەورەى نەناسیوەو نەگەیشتۆتە یەقین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش لە هەموو كەس زیاتر نوێژو عیبادەتیان كردووەو خوایان پەرستووە بە تایبەتى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم بەمەش نەزانى و گومڕایى ئەو كەسانە دەردەكەوێت. والله اعلم.
Ərəbcə təfsirlər:
 
Mənaların tərcüməsi Surə: əl-Hicr
Surələrin mündəricatı Səhifənin rəqəmi
 
Qurani Kərimin mənaca tərcüməsi - Kürd dilinə tərcümə - Salah Əd-Din - Tərcumənin mündəricatı

Qurani Kərimin Kürd dilinə mənaca tərcüməsi. Tərcüməçi: Salah Əd-Din Əbdülkərim.

Bağlamaq