Qurani Kərimin mənaca tərcüməsi - Kürd dilinə tərcümə - Salah Əd-Din * - Tərcumənin mündəricatı


Mənaların tərcüməsi Surə: ən-Nəcm   Ayə:

سورەتی النجم

وَٱلنَّجۡمِ إِذَا هَوَىٰ
سوورەتی (نەجم) (واتە: ئەستێرە) پێناسەیەكى سورەتەكە: ١- سورەتى نەجم سورەتێكى مەككى یە، تەنها ئایەتى (٣٢) نەبێت كە مەدەنى یە. ٢- ژمارەى ئایەتەكانى سورەتى نەجم (٦٢) ئایەتە. ٣- سورەتى نەجم زنجیرەى پەنجاو سێیەمە لە ریزبەندى لەناو سورەتەكانى قورئانى پیرۆزدا. ٤- سورەتى نەجم لە دواى سورەتى ئیخڵاس دابەزیوە. ٥- یەكێكە لەو سورەتانەى كە خواى گەورە بە سوێند خواردن دەستى پێكردوە، كە تێیدا سوێندى بە ئەستێرەكان خواردوە. ٦- لە سورەتى نەجم و لە كۆتا ئایەتیدا سوجدەى تیلاوەى تێدایە. ٧-یەكەم سوورەت كە دابەزى و سەجدەى تیادا بوو سوورەتى نەجم بوو، پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم سوجدەى بردو ئەوانەى لە دوایەوە بوون هەموویان سوجدەیان برد تەنها (ئومەییەى كوڕى خەڵەف) نەبێت كە مشتێك خۆڵى هەڵگرت و وتى بەسمەو بەرزى كردەوەو سوجدەى لەسەر بردو دواتر بە كافرى كوژرا. تەوەرەكانى ئەم سورەتە: سورەتى نەجم یەكێكە لە سورەتە مەككییەكان، كە تەوەرى سەرەكى تێیدا بریتییە لە باسكردنى ناردنى پەیامى ئیسلام لە لایەن خواى گەورەوەو لە رێگەى جبریلەوە سەلامى خواى لێ بێت و دابەزاندنى بەسەر پێغەمبەری خوادا صلى الله علیه وسلم ، جگە لەمەش باسكردنى چەند تەوەرێكى تری پەیوەست بە عەقیدەو بیروباوەڕ وەك باسكردنى بنەماكانى باوەڕو زیندوبوونەوەو گەڕانەوە بۆ لاى خواى گەورە. بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ وَالنَّجْمِ إِذَا هَوَى (١) ] خوای گەورە سوێند ئەخوات بە ئەستێرە كاتێك كە نزم ئەبێتەوەو لار ئەبێتەوە بۆ ئاوابوون و دیار نەمان لە كاتى بەرەبەیاندا .
Ərəbcə təfsirlər:
مَا ضَلَّ صَاحِبُكُمۡ وَمَا غَوَىٰ
[ مَا ضَلَّ صَاحِبُكُمْ وَمَا غَوَى (٢) ] ئەمە وەڵامی سوێند خواردنەكەیە: كە ئەم هاوەڵەی ئێوە كە محمدە صلى الله علیه وسلم گومڕا نەبووە لەبەر نەزانى، وە لە حەق لای نەداوە لەسەر زانیارى، وە قسەی بەتاڵی نەكردووە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَمَا يَنطِقُ عَنِ ٱلۡهَوَىٰٓ
[ وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى (٣) ] وە لە هەواو ئارەزووی خۆیەوە قسە ناكات بەڵكو ئەوەی كە دەیڵێ قورئانەو.
Ərəbcə təfsirlər:
إِنۡ هُوَ إِلَّا وَحۡيٞ يُوحَىٰ
[ إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى (٤) ] تەنها وەحییەو لەلایەن خوای گەورەوە بە وەحی بۆی هاتووە .
Ərəbcə təfsirlər:
عَلَّمَهُۥ شَدِيدُ ٱلۡقُوَىٰ
[ عَلَّمَهُ شَدِيدُ الْقُوَى (٥) ] جبریل فێری كردووەو لەلایەن خوای گەورەوە هاتووەو وەحی بۆ هێناوە كە زۆر بەهێزەو هێزێكی زۆر سەختی هەیە .
Ərəbcə təfsirlər:
ذُو مِرَّةٖ فَٱسۡتَوَىٰ
[ ذُو مِرَّةٍ ] وە زۆر بەهێزەو عەقڵێكی پتەو و شێوازێكی زۆر جوانی هەیە [ فَاسْتَوَى (٦) ] وە خوای گەورە جبریلى لەسەر شێوازێكی ڕێكوپێك دروست كردووە.
Ərəbcə təfsirlər:
وَهُوَ بِٱلۡأُفُقِ ٱلۡأَعۡلَىٰ
[ وَهُوَ بِالْأُفُقِ الْأَعْلَى (٧) ] وە لە ئاسۆی هەرە بەرزدا بووە كاتێك كە هاتووە بۆ لای پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم ، وە پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم دوو جار جبریلى لەسەر شێوازی راستەقینەى خۆی بینیوە كە شەش سەد باڵی هەبووە، هەر باڵێكى ئاسۆی ئاسمانی داپۆشیوەو لە باڵی یەوە ئەوەندە دوڕڕو مروارى بەربۆتەوە مەگەر خواى گەورە خۆى بیزانێت (الْأُفُقِ) واتە: ئاسۆ، شوێنی خۆرهەڵاتن، یان شوێنی ڕۆژ بوونەوە، یان ئەو شوێنەی كە بەرەبەیانی لێ دێت .
Ərəbcə təfsirlər:
ثُمَّ دَنَا فَتَدَلَّىٰ
[ ثُمَّ دَنَا فَتَدَلَّى (٨) ] پاشان جبریل نزیك بووەوە تا دابەزى و هاتە لای پێغەمبەری خواو صلى الله علیه وسلم وەحی بۆ هێنا .
Ərəbcə təfsirlər:
فَكَانَ قَابَ قَوۡسَيۡنِ أَوۡ أَدۡنَىٰ
[ فَكَانَ قَابَ قَوْسَيْنِ أَوْ أَدْنَى (٩) ] وە نزیك بووەوە لە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم بە ئەندازەی دوو كەوان، چەندێكە ئەوەندە, یاخود لەوەش كەمتر لە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم نزیك بووەوە .
Ərəbcə təfsirlər:
فَأَوۡحَىٰٓ إِلَىٰ عَبۡدِهِۦ مَآ أَوۡحَىٰ
[ فَأَوْحَى إِلَى عَبْدِهِ مَا أَوْحَى (١٠) ] واتە: جبریل (عَلَيْهِ الصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ) وەحی بۆ بەندەی خوا هێنا كە پێغەمبەری خوایە صلى الله علیه وسلم ئەوەی كە خوای گەورە بە وەحی بۆی ناردبوو, یاخود خوای گەورە وەحی بۆ پێغەمبەری خوا نارد صلى الله علیه وسلم لە ڕێی جبریلەوە .
Ərəbcə təfsirlər:
مَا كَذَبَ ٱلۡفُؤَادُ مَا رَأَىٰٓ
[ مَا كَذَبَ الْفُؤَادُ مَا رَأَى (١١) ] ئەوەی كە دڵی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم بینی درۆ نەبوو دڵی ڕاستی كرد.
Ərəbcə təfsirlər:
أَفَتُمَٰرُونَهُۥ عَلَىٰ مَا يَرَىٰ
[ أَفَتُمَارُونَهُ عَلَى مَا يَرَى (١٢) ] ئایا ئێوە گومانتان هەیە لەوەی كە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم جبریلی بینیوە بۆیە مشتومڕى لەگەڵ دەكەن .
Ərəbcə təfsirlər:
وَلَقَدۡ رَءَاهُ نَزۡلَةً أُخۡرَىٰ
[ وَلَقَدْ رَآهُ نَزْلَةً أُخْرَى (١٣) ] وە جارێكی تریش پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم جبریلی بینیوە، دوو جار لەسەر شێوەی راستەقینەو حەقیقەتی خۆی بینیوێتی .
Ərəbcə təfsirlər:
عِندَ سِدۡرَةِ ٱلۡمُنتَهَىٰ
[ عِنْدَ سِدْرَةِ الْمُنْتَهَى (١٤) ] دوو جار بینى جارێكیان لە (ئەجیاد) بوو لە مەككەو جارێكیشیان لە شەوی ئیسرائدا لەلای (سدرة المنتهى) كە داری نەبق و سیدرو تاوكى پێدەوترێت و گەڵاكانى وەكو گوێى فیل پانەو زانیاری هەموو دروستكراوەكان لەوێیەو لە پشت ئەوێوە هیچ كەسێك زانیاری نییەو نازانێت چی شتێكى لێیەو فریشتەكانیش بۆیان نییە لەوێ تێَپەڕ بن.
Ərəbcə təfsirlər:
عِندَهَا جَنَّةُ ٱلۡمَأۡوَىٰٓ
[ عِنْدَهَا جَنَّةُ الْمَأْوَى (١٥) ] وە لەوێش بەهەشت هەیە كە شوێنی مانەوەی باوەڕدارانە .
Ərəbcə təfsirlər:
إِذۡ يَغۡشَى ٱلسِّدۡرَةَ مَا يَغۡشَىٰ
[ إِذْ يَغْشَى السِّدْرَةَ مَا يَغْشَى (١٦) ] وە ئەو دار سیدرەش دائەپۆشرێ بە نووری خوای گەورە، یان بە فەرمانی خوای گەورە، یان بە پۆلێك مەلائیكەت، یان بە كوللەى ئاڵتوون .
Ərəbcə təfsirlər:
مَا زَاغَ ٱلۡبَصَرُ وَمَا طَغَىٰ
[ مَا زَاغَ الْبَصَرُ وَمَا طَغَى (١٧) ] وە چاوی پێغەمبەری خواش صلى الله علیه وسلم ئەوەی كە بینیوێتی لاینەداوە لێی و بەجوانی بینیوێتی و سنووریشی نەبەزاندووەو چاوی فێڵی لێی نەكردووە .
Ərəbcə təfsirlər:
لَقَدۡ رَأَىٰ مِنۡ ءَايَٰتِ رَبِّهِ ٱلۡكُبۡرَىٰٓ
[ لَقَدْ رَأَى مِنْ آيَاتِ رَبِّهِ الْكُبْرَى (١٨) ] وە لە شەوی ئیسرائدا پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم چەندەها نیشانەی گەورەی خوای گەورەی بینیوە، نەك خوای گەورەی بینیبێ، بەڵكو بە دڵ لە خەودا خواى گەورەى بینیوە، لە دونیادا پێغەمبەرانیش بە چاو خواى گەورەیان نەبینیوە.
Ərəbcə təfsirlər:
أَفَرَءَيۡتُمُ ٱللَّٰتَ وَٱلۡعُزَّىٰ
لات و عوززاو مەنات [ أَفَرَأَيْتُمُ اللَّاتَ وَالْعُزَّى (١٩) ] هەواڵم پێ بدەن دەربارەی لات و عوززا (اللَّات): ناوی بتێكیان بووە، كە تاوێرێكی سپی هەڵكۆڵراو بووە لە (تائیف)، پەردەى بەسەرەوە بووەو خانویان لەسەر دروستكردووەو سەدەنەو خزمەتكارى هەبووەو بەگەورەیان زانیوە، لەناوی (الله)وە وەریان گرتووە، بەڵام ئەم بۆ مێیە (موئەنەثه)، وە وتراوە: (اللَّات) بە تەشدیدی (تائەكە) پیاوێك بووە كە خواردنی بۆ حاجی دروست كردووە لە كاتی خۆیدا كە مردووە بتیان لەسەر شێوەی دروست كردووەو پەرستویانە، وە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لە فەتحى مەككە (موغیرەی كوڕی شوعبە)و (ئەبو سوفیان) ى نارد تێكیانداو لە شوێنیشی مزگەوتێكیان دروست كرد، (وَالْعُزَّى): دارێك بووە لە (غەتەفان) لە نێوان مەككەو تائیف، كە پەردەو خانوی لەسەر بووەو قوڕەیش پەرستوویانەو لەناوى خواى گەورە (الْعَزِيز) وەریان گرتبوو، پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لە فەتحی مەككەدا (خالیدی كوڕی وەلید)ی نارد (عوززا)ی بڕیەوەو ئەو پەردەو شتانەی لەسەری بوو ڕووخاندی .
Ərəbcə təfsirlər:
وَمَنَوٰةَ ٱلثَّالِثَةَ ٱلۡأُخۡرَىٰٓ
[ وَمَنَاةَ الثَّالِثَةَ الْأُخْرَى (٢٠) ] وە (مَنَاة) یشیان هەبووە كە سێیەم بتیان بووە لە نێوان مەككەو مەدینەدا بووە, (خوزاعەو ئەوس و خەزرەج) پەرستوویانە، وە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لە فەتحی مەككەدا ئیمامی عەلی ناردووەو ڕووخاندوویەتی .
Ərəbcə təfsirlər:
أَلَكُمُ ٱلذَّكَرُ وَلَهُ ٱلۡأُنثَىٰ
[ أَلَكُمُ الذَّكَرُ وَلَهُ الْأُنْثَى (٢١) ] ئایا ئێوە خۆتان كوڕ بۆ خۆتان بڕیار ئەدەن و كچتان ببێ زیندەبەچاڵی ئەكەن بەڵام كچ ئەدەنە پاڵ خوای گەورەو ئەڵێن: مەلائیكەت كچی خوایە .
Ərəbcə təfsirlər:
تِلۡكَ إِذٗا قِسۡمَةٞ ضِيزَىٰٓ
[ تِلْكَ إِذًا قِسْمَةٌ ضِيزَى (٢٢) ] بەڕاستی ئەمە دابەشكردنێكی نادادپەروەرانەو ستەمكارانەیە .
Ərəbcə təfsirlər:
إِنۡ هِيَ إِلَّآ أَسۡمَآءٞ سَمَّيۡتُمُوهَآ أَنتُمۡ وَءَابَآؤُكُم مَّآ أَنزَلَ ٱللَّهُ بِهَا مِن سُلۡطَٰنٍۚ إِن يَتَّبِعُونَ إِلَّا ٱلظَّنَّ وَمَا تَهۡوَى ٱلۡأَنفُسُۖ وَلَقَدۡ جَآءَهُم مِّن رَّبِّهِمُ ٱلۡهُدَىٰٓ
[ إِنْ هِيَ إِلَّا أَسْمَاءٌ سَمَّيْتُمُوهَا أَنْتُمْ وَآبَاؤُكُمْ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ بِهَا مِنْ سُلْطَانٍ ] ئەم ناوانە وەكو (لات و عوززاو مەنات و هوبەل) و ئەوانە هیچ نییە تەنها كۆمەڵێك ناوە كە خۆتان و باوك و باپیرانتان ناوتان لەو بتانە ناوە كە خوای گەورە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نەناردۆتە خوارەوە كە ئەمانە خوا بن، (ئەم دارو بەردو شەخس و نەزرگایانەى سەردەمى خۆیشمان هەمووى خەڵكى لە خۆیانەوە ناویان لێناون و خواى گەورە هیچ بەڵگەى لەسەر نەناردوونەتە خوارەوە، بەڵكو بەڵگەى ناردووە كە نابێت بچنە سەریان و داوایان لێ بكەن) [ إِنْ يَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَمَا تَهْوَى الْأَنْفُسُ ] بەڵكو ئێوە تەنها شوێنی گومان ئەكەون وە ئەوەی كە هەواو ئارەزوو نەفستان ئارەزووی بكات [ وَلَقَدْ جَاءَهُمْ مِنْ رَبِّهِمُ الْهُدَى(٢٣) ] لە كاتێكدا كە بە دڵنیایی لەلایەن خوای گەورەوە هیدایەتتان بۆ هاتووە كە قورئانە
Ərəbcə təfsirlər:
أَمۡ لِلۡإِنسَٰنِ مَا تَمَنَّىٰ
[ أَمْ لِلْإِنْسَانِ مَا تَمَنَّى (٢٤) ] یاخود ئایا ئەوەی كە ئێوە خۆتان ئاواتی بۆ ئەخوازن وا ئەزانن ئەوە سوودتان پێ ئەگەیەنێ، نەخێر مەرج نییە وابێت .
Ərəbcə təfsirlər:
فَلِلَّهِ ٱلۡأٓخِرَةُ وَٱلۡأُولَىٰ
[ فَلِلَّهِ الْآخِرَةُ وَالْأُولَى (٢٥) ] كاروبارى قیامەت و دونیا هەر بەدەست خوای گەورەیەو بە تەنها خۆى هەڵسوكەوتى تێدا دەكات و بەدەست ئەو بتانە نییە.
Ərəbcə təfsirlər:
۞ وَكَم مِّن مَّلَكٖ فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ لَا تُغۡنِي شَفَٰعَتُهُمۡ شَيۡـًٔا إِلَّا مِنۢ بَعۡدِ أَن يَأۡذَنَ ٱللَّهُ لِمَن يَشَآءُ وَيَرۡضَىٰٓ
مەرجەكانى شەفاعەت [ وَكَمْ مِنْ مَلَكٍ فِي السَّمَاوَاتِ لَا تُغْنِي شَفَاعَتُهُمْ شَيْئًا إِلَّا مِنْ بَعْدِ أَنْ يَأْذَنَ اللَّهُ لِمَنْ يَشَاءُ وَيَرْضَى (٢٦) ] وە چەندەها فریشتە هەیە لە ئاسمانەكان و زەویدا لەگەڵ زۆری عیبادەت و پەرستنیان بۆ خوای گەورەو ڕێزیان لای خوای گەورە شەفاعەت و تكای ئەوان لای خوای گەورە هیچ سوودێكی نییە ئیللا لە پاش ئەوەی كە خوای گەورە ئیزنیان بدات كە شەفاعەت بكەن بۆ هەر كەسێك كە ویستی لێ بێ، وە ڕازیش بێ لەو كەسەی كە شەفاعەتی بۆ ئەكرێ، واتە: ئەهلی تەوحید بێت و موشریك نەبێت، ئیتر چۆن ئێوە بەئومێدى ئەو بتانەن شەفاعەتتان بۆ بكەن!؟
Ərəbcə təfsirlər:
إِنَّ ٱلَّذِينَ لَا يُؤۡمِنُونَ بِٱلۡأٓخِرَةِ لَيُسَمُّونَ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةَ تَسۡمِيَةَ ٱلۡأُنثَىٰ
[ إِنَّ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ لَيُسَمُّونَ الْمَلَائِكَةَ تَسْمِيَةَ الْأُنْثَى (٢٧) ] ئەوانەیشی كە باوەڕیان بە ڕۆژی دوایی نییە مەلائیكەتەكانی خوای گەورە ناو ئەنێن بە كچی خوای گەورە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَمَا لَهُم بِهِۦ مِنۡ عِلۡمٍۖ إِن يَتَّبِعُونَ إِلَّا ٱلظَّنَّۖ وَإِنَّ ٱلظَّنَّ لَا يُغۡنِي مِنَ ٱلۡحَقِّ شَيۡـٔٗا
كافران شوێن گومان كەوتووون [ وَمَا لَهُمْ بِهِ مِنْ عِلْمٍ ] لە كاتێكدا ئەمانە هیچ زانیاریەكیان نییە سەبارەت بەم قسەیەی كە ئەیكەن [ إِنْ يَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ ] بەڵكو تەنها شوێنی گومان كەوتوونە [ وَإِنَّ الظَّنَّ لَا يُغْنِي مِنَ الْحَقِّ شَيْئًا (٢٨) ] وە بە دڵنیایی گومانیش هیچ سوودێكی نییەو جێگاى حەق ناگرێتەوە .
Ərəbcə təfsirlər:
فَأَعۡرِضۡ عَن مَّن تَوَلَّىٰ عَن ذِكۡرِنَا وَلَمۡ يُرِدۡ إِلَّا ٱلۡحَيَوٰةَ ٱلدُّنۡيَا
[ فَأَعْرِضْ عَنْ مَنْ تَوَلَّى عَنْ ذِكْرِنَا وَلَمْ يُرِدْ إِلَّا الْحَيَاةَ الدُّنْيَا (٢٩) ] ئەی محمد صلى الله علیه وسلم تۆ واز بێنەو پشتهەڵكە لەو كەسانەی كە پشتیان هەڵكردووە لە زیكرو یادی ئێمە كە قورئانە پیرۆزەكەیە وە هیچ شتێكیان ناوێ تەنها ژیانی دونیا نەبێ وە تەنها بۆ دونیا هەوڵ ئەدەن .
Ərəbcə təfsirlər:
ذَٰلِكَ مَبۡلَغُهُم مِّنَ ٱلۡعِلۡمِۚ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعۡلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِيلِهِۦ وَهُوَ أَعۡلَمُ بِمَنِ ٱهۡتَدَىٰ
[ ذَلِكَ مَبْلَغُهُمْ مِنَ الْعِلْمِ ] ئەمە ئەوپەڕی زانیاری ئەوان هەر ئەوەندەیە كە بۆ دونیا هەوڵ دەدەن [ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَنْ ضَلَّ عَنْ سَبِيلِهِ وَهُوَ أَعْلَمُ بِمَنِ اهْتَدَى (٣٠) ] بەڕاستی پەروەردگارت خۆی زاناترە بەو كەسانەی كە گومڕا بوونەو لە ڕێگای ڕاستی خوای گەورە لایانداوە، وە هەر خوای گەورە زاناترە بەو كەسانەی كە ڕێگای هیدایەتیان گرتۆتە بەر .
Ərəbcə təfsirlər:
وَلِلَّهِ مَا فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَمَا فِي ٱلۡأَرۡضِ لِيَجۡزِيَ ٱلَّذِينَ أَسَٰٓـُٔواْ بِمَا عَمِلُواْ وَيَجۡزِيَ ٱلَّذِينَ أَحۡسَنُواْ بِٱلۡحُسۡنَى
[ وَلِلَّهِ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ لِيَجْزِيَ الَّذِينَ أَسَاءُوا بِمَا عَمِلُوا وَيَجْزِيَ الَّذِينَ أَحْسَنُوا بِالْحُسْنَى (٣١) ] وە هەرچی لە ئاسمانەكان و زەوی هەیە هەمووی موڵكی خوای گەورەیەو بە دەست خوای گەورەیە, وە تا سزای ئەو كەسانە بداتەوە كە كردەوەی خراپیان كردووە بەهۆی كردەوەی خراپی خۆیانەوە، وە پاداشتی ئەو كەسانەیش بداتەوە كە چاكەیان كردووە بە بەهەشت .
Ərəbcə təfsirlər:
ٱلَّذِينَ يَجۡتَنِبُونَ كَبَٰٓئِرَ ٱلۡإِثۡمِ وَٱلۡفَوَٰحِشَ إِلَّا ٱللَّمَمَۚ إِنَّ رَبَّكَ وَٰسِعُ ٱلۡمَغۡفِرَةِۚ هُوَ أَعۡلَمُ بِكُمۡ إِذۡ أَنشَأَكُم مِّنَ ٱلۡأَرۡضِ وَإِذۡ أَنتُمۡ أَجِنَّةٞ فِي بُطُونِ أُمَّهَٰتِكُمۡۖ فَلَا تُزَكُّوٓاْ أَنفُسَكُمۡۖ هُوَ أَعۡلَمُ بِمَنِ ٱتَّقَىٰٓ
[ الَّذِينَ يَجْتَنِبُونَ كَبَائِرَ الْإِثْمِ وَالْفَوَاحِشَ إِلَّا اللَّمَمَ ] ئەو كەسانەی كە خۆیان بەدوور گرتووە لە تاوانە گەورەكان و فاحیشەو بەدڕەوشتی وەكو زینا، تەنها (لەمەم) نەبێ كە تاوانی بچووكە، یاخود وتراوە: شیركە، خۆیان لە شیرك ئەپارێزن ئیتر تاوانەكانی تر خوای گەورە لێیان خۆش ئەبێ, یاخود وتراوە: كەسێكە دەیەوێت فاحیشە بكات پاشان لێیدەگەڕێتەوەو تەوبە ئەكات، یاخود تێڕوانى حەرام و بەركەوتنى حەرامە [ إِنَّ رَبَّكَ وَاسِعُ الْمَغْفِرَةِ ] بەڕاستی پەروەردگارت لێخۆشبوونی زۆر فراوانە [ هُوَ أَعْلَمُ بِكُمْ إِذْ أَنْشَأَكُمْ مِنَ الْأَرْضِ ] خوای گەورە زاناترە بە ئێوە كاتێك ئێوەی لە زەوی دروست كردووە، واتە: ئادەمی باوكتانى لە قوڕ دروست كردووە [ وَإِذْ أَنْتُمْ أَجِنَّةٌ فِي بُطُونِ أُمَّهَاتِكُمْ ] وە كاتێكیش كە ئێوە كۆرپەلە بوونە لە ناو سكی دایكتاندا خوای گەورە زانیاری پێتان هەبووە [ فَلَا تُزَكُّوا أَنْفُسَكُمْ ] بۆیە ئێوە نەفسی خۆتان پاك مەكەنەوەو مەدحی خۆتان مەكەن [ هُوَ أَعْلَمُ بِمَنِ اتَّقَى (٣٢) ] خوای گەورە خۆی زاناترە بەو كەسانەی كە تەقوای خوای گەورە ئەكەن و خۆیان لە تاوان ئەپارێزن .
Ərəbcə təfsirlər:
أَفَرَءَيۡتَ ٱلَّذِي تَوَلَّىٰ
[ أَفَرَأَيْتَ الَّذِي تَوَلَّى (٣٣) ] هەواڵم پێ بدە سەبارەت بەو كەسەی كە پشت هەڵئەكات لە حەق و خێرو چاكە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَعۡطَىٰ قَلِيلٗا وَأَكۡدَىٰٓ
[ وَأَعْطَى قَلِيلًا وَأَكْدَى (٣٤) ] وە كردەوەى چاك و تاعەت و خێری كەم كردووەو پاشان وازى لێهێناوەو دەستبەرداری بووە .
Ərəbcə təfsirlər:
أَعِندَهُۥ عِلۡمُ ٱلۡغَيۡبِ فَهُوَ يَرَىٰٓ
[ أَعِنْدَهُ عِلْمُ الْغَيْبِ فَهُوَ يَرَى (٣٥) ] ئایا ئەم كەسەی كە ئاوا كردەوەی چاك كەم ئەكات عیلمی غەیبی پێیەو خۆی غەیبەكە بزانێ و شارەزایی هەبێ كە ئەگەر ببەخشێت لێی دەبڕێت و ماڵەكەى كۆتایی دێت .
Ərəbcə təfsirlər:
أَمۡ لَمۡ يُنَبَّأۡ بِمَا فِي صُحُفِ مُوسَىٰ
[ أَمْ لَمْ يُنَبَّأْ بِمَا فِي صُحُفِ مُوسَى (٣٦) ] یاخود ئایا هەواڵی پێ نەدراوە بەوەی كە لە سەحیفەی موسادا صلى الله علیه وسلم هەبووە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَإِبۡرَٰهِيمَ ٱلَّذِي وَفَّىٰٓ
[ وَإِبْرَاهِيمَ الَّذِي وَفَّى (٣٧) ] وە لە پەڕاوی ئیبراهیمدا كە ئیبراهیم صلى الله علیه وسلم كەسێك بووە زۆر بەوەفا بووە بەو بەڵێنانەی كە بە خوای گەورەی داوە كە گوێڕایەڵ بووەو پەیامى خواى گەورەى گەیاندووە .
Ərəbcə təfsirlər:
أَلَّا تَزِرُ وَازِرَةٞ وِزۡرَ أُخۡرَىٰ
[ أَلَّا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى (٣٨) ] كە كەس تاوانی كەس هەڵناگرێت .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَن لَّيۡسَ لِلۡإِنسَٰنِ إِلَّا مَا سَعَىٰ
تەنها كردەوەى خۆت سوودت پێ دەگەیەنێت [ وَأَنْ لَيْسَ لِلْإِنْسَانِ إِلَّا مَا سَعَى (٣٩) ] وە مرۆڤ هەوڵ و تواناو كردەوەی چاكی خۆی نەبێ هیچ شتێكی تر سوودی پێ ناگەیەنێ، مەگەر صەدەقەیەكی جاریە بێت، یان زانیاریەكى لە دوای خۆی بەجێ هێشتبێ، یاخود مناڵێكی صاڵح لەدوای خۆی دوعای بۆ بكات، (ئیمامى شافیعى لەم ئایەتەوە ئەو حوكمەى وەرگرتووە كە پاداشتى قورئان خوێندن ناگات بە مردوو، چونكە كردەوەى خۆى نییەو پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم شتى واى نەكردووەو هانى ئوممەتەكەى نەداوە بۆ شتى واو رێنمایی نەكردوون بۆى نە بە دەق نە بە ئاماژە، وە هاوەڵانیش لێیان نەگێڕدراوەتەوە قورئانیان بۆ مردوو خوێند بێت) .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنَّ سَعۡيَهُۥ سَوۡفَ يُرَىٰ
[ وَأَنَّ سَعْيَهُ سَوْفَ يُرَى (٤٠) ] وە هەوڵ و تێكۆشانی خۆیشی لە ڕۆژی قیامەتدا ئەبینێتەوە .
Ərəbcə təfsirlər:
ثُمَّ يُجۡزَىٰهُ ٱلۡجَزَآءَ ٱلۡأَوۡفَىٰ
[ ثُمَّ يُجْزَاهُ الْجَزَاءَ الْأَوْفَى (٤١) ] پاشان خوای گەورە پاداشتی ئەداتەوە بە پاداشتێكی زۆر تەواو .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنَّ إِلَىٰ رَبِّكَ ٱلۡمُنتَهَىٰ
[ وَأَنَّ إِلَى رَبِّكَ الْمُنْتَهَى (٤٢) ] وە گەڕانەوەو سەرئەنجامیشتان هەر بۆ لای خوای گەورەیە لە رۆژى قیامەت.
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنَّهُۥ هُوَ أَضۡحَكَ وَأَبۡكَىٰ
تواناو دەسەڵاتى خواى گەورە [ وَأَنَّهُ هُوَ أَضْحَكَ وَأَبْكَى (٤٣) ] وە هەر خوای گەورەیە كە ئەهلی بەهەشتی هێناوەتە پێكەنین و ئەهلی دۆزەخی هێناوەتە گریان, یان لە دونیادا ویستی لێ بێت هەر كەسێك دێنێتە پێكەنین وە ویستی لێ بێت هەر كەسێك ئەهێنێتە گریان, یان پێكەنین و گریان بەدەست خوای گەورەیە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنَّهُۥ هُوَ أَمَاتَ وَأَحۡيَا
[ وَأَنَّهُ هُوَ أَمَاتَ وَأَحْيَا (٤٤) ] وە هەر خوای گەورەیە كە ئەمانمرێنێ و زیندوومان ئەكاتەوە, مردن و ژیان هەر بەدەستى خوای گەورەیە.
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنَّهُۥ خَلَقَ ٱلزَّوۡجَيۡنِ ٱلذَّكَرَ وَٱلۡأُنثَىٰ
[ وَأَنَّهُ خَلَقَ الزَّوْجَيْنِ الذَّكَرَ وَالْأُنْثَى (٤٥) ] وە هەر خوای گەورەیە كە لە هەموو شتێك لە مرۆڤ و ئاژەڵەكان و باڵندەكان نێرو مێ و جووتێكی دروست كردووە .
Ərəbcə təfsirlər:
مِن نُّطۡفَةٍ إِذَا تُمۡنَىٰ
[ مِنْ نُطْفَةٍ إِذَا تُمْنَى (٤٦) ] لە دڵۆپە ئاوێك كە مەنییە كە ئەچێتە ناو ڕەحمی مێیەكەوە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنَّ عَلَيۡهِ ٱلنَّشۡأَةَ ٱلۡأُخۡرَىٰ
[ وَأَنَّ عَلَيْهِ النَّشْأَةَ الْأُخْرَى (٤٧) ] وە سەرلەنوێ و دووبارە دروستكردنەوەو گەڕانەوەی ڕوحەكان بۆ لاشەكانیش هەر بەدەست خوای گەورەیە لە رۆژى قیامەت .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنَّهُۥ هُوَ أَغۡنَىٰ وَأَقۡنَىٰ
[ وَأَنَّهُ هُوَ أَغْنَى وَأَقْنَى (٤٨) ] وە هەر خوای گەورەیە كە كەسانێك دەوڵەمەند ئەكات وە كەسانێك فەقیر ئەكات, یان ئەبەخشێ بە كەسانێك دەوڵەمەندیان ئەكات وە كەسانێك لەوە زیاتریشیان پێ ئەبەخشێ, یاخود خواى گەورە خۆى دەوڵەمەند كردووەو خەڵكى وا لێكردووە پێویستیان بە خوا بێت، یاخود (وَأَقْنَى) كەسانێك ڕازی ئەكات .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنَّهُۥ هُوَ رَبُّ ٱلشِّعۡرَىٰ
[ وَأَنَّهُ هُوَ رَبُّ الشِّعْرَى (٤٩) ] وە هەر خوای گەورە پەروەردگاری ئەستێرەكانە ئەو ئەستێرانەی كـە گـەشـاوەن، ئـەووتـرێـت: (الشِّعْرَى) ئـەستێرەیـەكـە لـە پشت (جـەوزاء ), یـاخـود (جـەوزاء ) خـۆیـەتی كە كۆمەڵیك لە عەرەب دەیانپەرست .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنَّهُۥٓ أَهۡلَكَ عَادًا ٱلۡأُولَىٰ
[ وَأَنَّهُ أَهْلَكَ عَادًا الْأُولَى (٥٠) ] وە هەر خوای گەورە بوو كە عادی سەرەتای قەومی هودى لەناوبرد كە ئیمانیان نەهێنا .
Ərəbcə təfsirlər:
وَثَمُودَاْ فَمَآ أَبۡقَىٰ
[ وَثَمُودَ فَمَا أَبْقَى (٥١) ] وە قەومی ثەمودیشی لەناوبردو هیچ كەسێكی لێیان نەهێشتەوە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَقَوۡمَ نُوحٖ مِّن قَبۡلُۖ إِنَّهُمۡ كَانُواْ هُمۡ أَظۡلَمَ وَأَطۡغَىٰ
[ وَقَوْمَ نُوحٍ مِنْ قَبْلُ إِنَّهُمْ كَانُوا هُمْ أَظْلَمَ وَأَطْغَى (٥٢) ] وە قەومی نوحیش لە پێش ئەمان خوای گەورە لەناوی بردن ئەمان ستەمكارتر بوون وە سنووری خوای گەورەیان زیاتر بەزاندبوو خوای گەورە هەموویانی لەناوبرد.
Ərəbcə təfsirlər:
وَٱلۡمُؤۡتَفِكَةَ أَهۡوَىٰ
[ وَالْمُؤْتَفِكَةَ أَهْوَى (٥٣) ] وە دێیەكانی قەومی (لوط)يش ئەوانیش خوای گەورە بەرزی كردنەوە بۆ ئاسمان و بەری دانەوە خوارەوەو نزمی كردنەوە.
Ərəbcə təfsirlər:
فَغَشَّىٰهَا مَا غَشَّىٰ
[ فَغَشَّاهَا مَا غَشَّى (٥٤) ] پاشان خوای گەورە بەردبارانی كردن وە هەرچی سزا هەبوو پێی چەشتن و بە سزا دایپۆشین.
Ərəbcə təfsirlər:
فَبِأَيِّ ءَالَآءِ رَبِّكَ تَتَمَارَىٰ
[ فَبِأَيِّ آلَاءِ رَبِّكَ تَتَمَارَى (٥٥) ] ئیتر تۆ سەبارەت بە چ نیعمەتێك لە نیعمەتەكانی خوای گەورە گومانت هەیە .
Ərəbcə təfsirlər:
هَٰذَا نَذِيرٞ مِّنَ ٱلنُّذُرِ ٱلۡأُولَىٰٓ
[ هَذَا نَذِيرٌ مِنَ النُّذُرِ الْأُولَى (٥٦) ] وە ئەمەیش پێغەمبەری خوایە صلى الله علیه وسلم كە ترسێنەرێكە وەكو پێغەمبەرانی سەرەتا .
Ərəbcə təfsirlər:
أَزِفَتِ ٱلۡأٓزِفَةُ
[ أَزِفَتِ الْآزِفَةُ (٥٧) ] شتە نزیكەكە زیاتر نزیك بۆتەوە كە قیامەتە .
Ərəbcə təfsirlər:
لَيۡسَ لَهَا مِن دُونِ ٱللَّهِ كَاشِفَةٌ
[ لَيْسَ لَهَا مِنْ دُونِ اللَّهِ كَاشِفَةٌ (٥٨) ] جگە لە خوا هیچ كەسێك ناتوانێ كاتەكەی دیاری بكات كەیە، یاخود كاتێك كە ئەم دیمەنە ناخۆشانە خەڵكى ئەگرێتەوە جگە لە خوا كەس ناتوانێ لەسەر خەڵكی لابەرێ .
Ərəbcə təfsirlər:
أَفَمِنۡ هَٰذَا ٱلۡحَدِيثِ تَعۡجَبُونَ
[ أَفَمِنْ هَذَا الْحَدِيثِ تَعْجَبُونَ (٥٩) ] ئایا ئێوە سەرسامن بەم قورئانە پیرۆزە .
Ərəbcə təfsirlər:
وَتَضۡحَكُونَ وَلَا تَبۡكُونَ
[ وَتَضْحَكُونَ وَلَا تَبْكُونَ (٦٠) ] وە پێئەكەنن و گاڵتەتان پێ دێت و ناگرین كە ئەبوایە بتانیهێنایەتە گریان .
Ərəbcə təfsirlər:
وَأَنتُمۡ سَٰمِدُونَ
[ وَأَنْتُمْ سَامِدُونَ (٦١) ] لە كاتێك ئێوە پشتتان هەڵكردووە، یاخود ئێوە ملتان بەرز كردۆتەوە لە لووت بەرزیدا, یاخود بێ ئاگان, یاخود (ابن عەباس) ئەفەرمووێ (سَامِدُونَ) بە زمانی خەڵكی یەمەن بەمانای گۆرانی دێت، واتە: ئێوە گۆرانى دەڵێن .
Ərəbcə təfsirlər:
فَٱسۡجُدُواْۤ لِلَّهِۤ وَٱعۡبُدُواْ۩
[ فَاسْجُدُوا لِلَّهِ وَاعْبُدُوا (٦٢) ] وە ئێوە سوجدە بۆ خوای گەورە بەرن وە بەتاك و تەنها عیبادەت بۆ خوای گەورە بكەن, وە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم كە سوورەتی نەجمی خوێندووە گەیشتووە بەم ئایەتە سوجدەی بردووە، وە موسڵمانان و كافران و مرۆڤ وجن و دارو بەردو هەموو شتێك سوجدەی لەگەڵ پێغەمبەری خوادا بردووە صلى الله علیه وسلم ، والله أعلم. بەم شێوازە هاتینە كۆتایی تەفسیرى سورەتى (نەجم) والحمد لله.
Ərəbcə təfsirlər:
 
Mənaların tərcüməsi Surə: ən-Nəcm
Surələrin mündəricatı Səhifənin rəqəmi
 
Qurani Kərimin mənaca tərcüməsi - Kürd dilinə tərcümə - Salah Əd-Din - Tərcumənin mündəricatı

Qurani Kərimin Kürd dilinə mənaca tərcüməsi. Tərcüməçi: Salah Əd-Din Əbdülkərim.

Bağlamaq